وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان ئامادەكارییەكانی بۆ ناردنی لیستی مووچەی مانگی نۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت تەواو كردووە، ئەمڕۆ شاندەكەیان دەچێتە بەغدا، شاندێكی تریش بۆ جێگیركردنی دۆسییەی زیندانیانی سیاسیی لەوێیە، بەپێی زانیارییەكان شاندێكی باڵای حكوومەتی هەرێمیش ئەمڕۆ دەچێتە بەغدا.
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی وەزارەتی دارایی بچنە بەغدا و لیستی مووچەی مانگی نۆ و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی هەشت رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بكەن.
بەراورد بە مانگەكانی پێشوو، ئەم مانگە لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە دواكەوتووە، ئەمەش بەهۆی دەستكاریكردن و گۆڕانكاری لە لیستەكە بووە، هاوكات لەسەر داوای بەغدا كۆد بۆ 655 هەزار ژمارەی وەزیفی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كراوە.
ئێستە پێداچوونەوە بەلیستی مووچە تەواو بووە و تەنیا ڕێكارە كارگێڕییەكان ماون. بەپێی زانیارییەكانی “وشە” بڕیارە ئەمڕۆ تیمی تەكنیكیی وەزارەت بۆ رادەستكردنی لیستەكە و تەرازووی پێداچوونەوە بەرەو بەغدا بچن.
لەلایەكی ترەوە شاندێكی وەزارەتی شەهیدانی كوردستان چوونەتە بەغدا و دەڵێن، بابەتی دۆسیەی زیندانیانی سیاسی و جێگیركردنی مینحەكانیان هاوتای بەغدا لە پڕۆژە بودجەی 2027ـی عێراق دەچەسپێنین.
ئەحمەد مام ڕەسووڵ بەڕێوەبەری كاروباری زیندانیانی سیاسی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان رای گەیاند، ئامانجی وەزارەتی كاروباری شەهیدانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە، زیندانیانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، پێشتر دۆسیەكانیان دراوەتە دەستەی زیندانیانی سیاسیی عێراق، مینحەیان بۆ دابین بكرێت.
دەڵێت، زۆری نەماوە بەمزووانە ئەو بابەتە لە پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر دەكەین و وەزارەتی دارایی واژووی كردووە، لایەنەكانی تریش رەزامەندییان لەسەری داوە.
لە عێراق 158 هەزار زیندانی سیاسی مینحە وەردەگرن و بەسەر سێ پۆلدا دابەش كراون، پۆلی یەكەم 400 هەزار دینار، پۆلی دووەم 800 هەزار دینار و پۆلی سێیەم ملیۆنێك و 200 هەزار دینار وەردەگرن.
بەپێی زانیارییەكان، شاندێكی تریش بۆ بابەتی بودجە هەر ئەمڕۆ دەچنە بەغدا كە ئەوانیش بریتین لە ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و چەند بەرپرسێكی تر لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق كۆ دەبنەوە.
















Leave a Reply