پسپۆرانی زانكۆی كەتالۆنیا رێنوێنی دەخەنەڕوو كە هەندێك خۆراك هەن نابێ بۆ پارێزگاریكردنیان بكرێنە ناو ساردكەرەوەوە، چونكە پێكهاتە و تامیان دەگۆڕێت و لەبری ئەوەی بپارێزرێن، تێكدەچن و بۆ تەندروستیش سوودیان كەمتر دەبێتەوە.
پێگەی “ئەهرام” كە رۆشنایی خستووەتە سەر رێنوێنییەكانی پسپۆرانی زاكۆی كەتالۆنیا لەوبارەیەوە و ئاماژە دەدەن، مەرج نییە بۆ پاراستنی هەموو خۆراكێك پەنا بۆ ساردكەرەوە ببەین، چونكە هەندێك خۆراك هەن نابێ بۆ پارێزگاریكردن لێیان بكرێنە ساردكەرەوەوە، لەبری ئەوەی سوود ببینن، زیانیان پێ دەگات و بۆ تەندروستیش باش نییە، چونكە پێكهاتە و تامیان دەگۆڕێت، نموونەیان نان و شوكوڵاتە و سیر و مۆز.
نموونە بە نان و سەموون دێننەوە كە نابێ بۆ پارێزگاری لێیان بكرێنە ناو ساردكەرەوە، لەلایەك لەناو ساردكەرەوە پێكهاتەكەی تێكدەچێت، هاوكات تامیشی دەگۆڕێت و لەڕووی تەندروستیشەوە رەگەزە خۆراكییەكەی بێ هێز دەكات و سوودی كەمتر دەكاتەوە، هاوكات ئەو نانە وشك دەبێت و تامیشی زۆر كەمتر دەبێتەوە.
شوكوڵاتەیش باش نییە بۆ پارێزگاریكردن لێ بكرێتە ناو ساردكەرەوە بەتایبەتی بۆ ماوەیەكی زۆر، چونكە پێكهاتەی ئەویش بەهەمانشێوە لەناو ساردكەرەوە تێكدەچێت، هاوكات رەنگیشی دەگۆڕێت و رەنگە سروشتییەكەی نامێنێت و زیاتر رەنگی خۆڵ “خاكی” لەخۆ دەگرێت. باشترە شوكوڵاتە لە كەشێكی نیمچەسارد كە پلەی 15 تا 20 بێت دابنرێت.
سیریش وەك پسپۆران باسی دەكەن، بەهەمانشێوە نابێ بكرێتە ناو ساردكەرەوەوە، چونكە ساردی سوودەكانی كەمتر دەكاتەوە، هاوكات ئەویش تامی تێكدەچێت و بەرەو تاڵی دەگۆڕێت، لە هەمووی گرنگتر هێزی رەگەزە خۆراكییەكەی نامێنێت یان كەمتر دەبێتەوە. باشترە لەبری ساردكەرەوە، لە شوێنێكی ساردی سروشتی و وشك هەڵبگیرێت.
پسپۆران پێیان وایە باش نییە بۆ پارێزگاریكردن لێی، مۆز بخرێتە ناو ساردكەرەوە، بەتایبەتی ئەو مۆزەی هێشتا بەتەواوی پێنەگەیشتووە، واتە جارێ سەوزە و زەرد نەبووە، كاتێك دەكرێتە ناو ساردكەرەوە، ساردییەكە وا دەكات مۆزەكە زەرد نەبێت و پێنەگات، بۆیە زیاتر وشك دەبێت و تامیشی تێكدەچێت.














Leave a Reply