بۆ ئەدای خوێندنی منداڵەكانتان.. ژەمی بەیانیان فەرامۆش مەكەن

بینەر: (834)

بەشی تەندروستیی پێگەیەكی عەرەبی ئاماژە بەوە دەدات كە لە 24 توێژینەوەی زانستی و تەندروستیدا، توێژەران بەوە گەیشتوون كە خواردنی بەیانیان بۆ مرۆڤ بەگشتی و بۆ منداڵان بەتایبەتی زۆر بەسوودە، بەتایبەتی كە ئێستە دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی قوتابیان كراونەتەوە، ئەركی دایك و باوكە خواردنی بەیانیان بۆ منداڵە قوتابییەكانیان فەرامۆش نەكەن تا كاریگەریی نەخاتە سەر ئەدای خوێندنیان.

پێگەی “ئەهرام”ی میسری رۆشنایی خستووەتە سەر 24 توێژینەوەی زانستی و تەندروستی كە پێشتر ئەنجام دراون، توێژەران بەشێوەیەكی گشتی باس لەوە دەكەن كە خواردنی بەیانیان بۆ تەندروستی زۆر بەسوودە و بەتایبەتی بۆ منداڵان و قوتابیان، چونكە بە فەرامۆشكردنی ئەو ژەمە، كاریگەریی نەرێنی دەخاتە سەر ئەدای خوێندنیان، بۆیە لەوبارەیەوە ئامۆژگاریی دایكان و باوكان دەكەن كە ئەو ژەمە بۆ منداڵەكانیان فەرامۆش نەكەن.

توێژەران دووپاتی دەكەنەوە كە ژەمی بەیانیان راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر وریابوونەوە و یادەوەری و وزەی پێویست بۆ منداڵان دەبێت، بەتایبەتی لە كاتی دەوامی قوتابخانەدا، گرنگە منداڵ لەو ژەمەدا پرۆتین و ریشاڵ وەربگرێت، تا لە قوتابخانەدا هەست بە ماندووبوون و بێ هێزی و خەواڵوویی نەكات، چونكە لە دوای شەوێكی درێژ، خواردنی بەیانیان وزەی زیاتر بە منداڵ دەبەخشێت.

جینێڤەر هایڵاند لە نەخۆشخانەی كایفڵاند كلینك بۆ منداڵان كە پسپۆری خۆراكە دەڵێت، كاریگەریی فەرامۆشكردنی ژەمی بەیانیان لەسەر مرۆڤ، وا دەكات هەست بەماندووبوونی زیاتری ئەركی رۆژانە بكات، سەرنجی لاواز دەبێت، جەستەی تووشی داهێزران دەبێت و مێشكیش هەست بە ماندوویی دەكات، بۆیە لە كاتی بەجێهێنانی ئەركدا بێ توانا و لاواز دەبێت. خۆ ئەگەر كەسەكە منداڵ و قوتابی بێت، كاریگەرییەكەی راستەوخۆ لەسەر ئەدای خوێندنی دەبێت.

بۆیە ئەو پزیشكە دووپاتی دەكاتەوە كە كاتێك منداڵ لە دوای شەوێكی درێژ و بێ خواردن، بۆ بەیانیان جەستەی پێویستی بە خۆراك دەبێت بۆ وەرگرتنی وزە، بۆیە پرۆتین و ریشاڵ لە ژەمی بەیانیان بۆ قوتابیان زۆر گرنگن تا سەرنجی بەهێزتر بێت كە ئەویش وا دەكات ئەدای خوێندنی بەهێزتر بێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *