ئەو تاوانبارەی سێدارەدانەكەی شكستی هێنا.. باسی دۆخی ئێستەی دەكات

بینەر: (42)

ئەو ئافرەتە تاوانبارەی لە ئەمەریكا سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرابوو، لە كاتی لەسێدارەدانەكەی شكستی هێنا، نەمرد و رزگاری بوو. ئێستە لە گرتووخانەیە و داوا دەكرێ سزاكەی لە سێدارەوە بكرێتە تاهەتایی. ئەو ئافرەتە باس لە دۆخی تەندروستیی ئێستەی دەكات دوای شكسهێنانی لەسێدارەدانەكەی.

پێگەی “عەرەبیە” رۆشنایی خستووەتە سەر كریستا بایك كە ئافرەتێكی ئەمەریكییە و پێشتر بە تاوانی كوشتن، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرابوو، كەچی بۆ یەكەمین جار لە مێژووی ئەو وڵاتە لە كاتی لەسێدارەدانی، نەمرد و رزگاری بوو. باس لەوە دەكرێ كە لەسێدارەدانەكەی لە رێگەی دەرزیی بكوژەوە بووە. ئێستە بایك بۆ میدیاكان گوتوویەتی لە دوای لەسێدارەدانەكەی، رۆژانە هەموو شوێنێكی جەستەی ئازاری دەدات.

بایك زیاتر گوتوویەتی، “یەك ساتم بەسەردا تێناپەڕێت ئازارم نەبێت، تەواوی جەستەم ئازاری هەیە، قۆڵ و دەست و قوڕگم بەردەوام ئازارم دەدەن، تەنانەت ناتوانم بە ئاسانی قسە بكەم، بەجۆرێك ئازارەكەم تەنیا لە جەستەمدا نییە، بەڵكو چووەتە ناو رۆحمەوە”.

بایك كە ئێستە تەمەنی گەیشتووەتە 50 ساڵ، لە 30ی ئەیلوولی رابردوودا لە گرتووخانەی ویلایەتی تینیسی، بڕیارە جێبەجێكردنی لەسێدارەدانەكەی دەرچوو و بۆ ئەوەیش دوو دەرزیی “بنتوبارپیتال”ی لێ درا كە دەرزییەكی بكوژە و بۆ لەسێدارەدان بكار دەهێنرێت، بەڵام لێدانی دەرزییەكان نەبووە هۆی كوشتنی. بۆیە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و چارەسەر كرا، پاشان دووبارە بۆ گرتووخانە گوازرایەوە.

دەزگەی زانیارییەكانی سزاری سێدارە دەڵێت، بایك تاكە گیراوە كە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبێت و لە كاتی جێبەجێكردنەكەی نەمرێ و رزگاری بێت.

بایك بۆ دۆخی تەندروستیی روونی كردووەتەوە، راستە لە مردن رزگار بووم، بەڵام بەو شێوەیە نییە كە هەموو شتێك ئاسایی بێت، تا ئێستەش نازانم ئەو شەوە چۆن لەسێدارەدان رزگارم بوو، ئێستەش نازانم لە داهاتوودا چیم بەسەر دێت، وێڕای ئەوەی ئێستە رۆژە بە رۆژ هەست دەكەم باشتر دەبم.

دواتریش باس لەوە دەكرێ كە لەوەتەی ئەو ئافرەتە لەسێدارەدان رزگاری بوو و نەمرد، پارێزەرەكانی بە نووسراوی فەرمی داوایان لە بێڵ لی حاكمی ویلایەتی تینیسی كردووە، سزای لەسێدارەكەی بۆ سووك بكەن بۆ سزای تاهەتایی، بەڵام تا ئێستە ئەنجامەكەی دیار نییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *