ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەیی كۆنگرێس چۆن كار لە شەڕی ئێران دەكات؟

بینەر: (38)

لە 10ی كانوونی دووەمی 2007، جۆرج دەبڵیو بۆش سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمەریكا، بڕیاری زیادكردنی ژمارەی ئەو سەربازانەی ڕاگەیاند كە رەوانەی عێراق دەكران، ئەوەش یەكێك بوو لەو بڕیارانەی لە ماوەی سەرۆكایەتی ئەودا كەمترین پاڵپشتی هەبوو، وەك ڕاوێژكارێكی نووسینگەی ستیفن هادڵی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە كۆشكی سپی باسی دەكات.

ئەو راوێژكارە ئاماژە دەكات، هادڵی داوای پیزای كردبوو و ئێمەش كە چەند كەسێك بووین لە دەوری تەلەڤزیۆنەكەی كۆبووبووینەوە، كاتێك سەرۆك بوش وتارەكەی تەواو كرد، هادڵی دەستی بە گۆڕینی كەناڵەكان كرد بۆ ئەوەی بزانێت كاردانەوەكان چۆنن.

دیك دێربن ئەندامێكی هەڵبژێردراو لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا، بە فەرمی وەڵامی دیموكراتەكانی دایەوە و گوتی، پەرەپێدانی ئەو شەڕە ئەو گۆڕانكارییە نەبوو كە خەڵكی ئەمەریكا لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا داوایان كردبوو، دوای ئەو باڕەك ئۆباما سەرۆكی پێشووتری ئەمەریكا، دووپاتی لەوە كردەوە كە بە توندی دژی ئەو بڕیارە دەوەستێتەوە.

هاردڵی تەلەڤزیۆنەكەی كوژاندەوە و گوتی، شەڕێك دروست دەبێت.

بەیانی ڕۆژی دواتر، كاتێك لەگەڵ سەرۆك بۆش بۆ فۆڕت بێنینگ لە ویلایەتی جۆرجیا گەشتمان دەكرد، سەیرێكی هەواڵ و راپۆرتەكانم كرد، چەك هێیگڵ سیناتۆری كۆماری باسی لەوە كردبوو، ئەمە مەترسیدارترین هەڵەی سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەیە لە دوای شەڕی ڤێتنامەوە.

ئەندامانی دیموكراتی لە هەڵبژاردنی نیوەیی خولی 2006، توانیان دەنگی ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران ببەنەوە، كە بۆش ئەم ئەنجامەی بە دۆڕانێكی گەورە ناو برد و هۆكاری ئەمەش دژایەتیی خەڵكی بوو بەرانبەر بە شەڕی عێراق.

ویستی هاووڵاتییان ئاشكرا بوو بە بێ هیچ قسەیەك و تەنیا بە دەنگەكانیان، كە ئەو شەڕەیان نەدەویست، بەڵام بۆش ڕەتی كردەوە كە گوێیان لێ بگرێت و بەردەوام بوو.

ئەو وەزیری بەرگری لەسەر كار لادا و ئەفسەرانی سوپا و باڵویزێكی نوێی ئەمەریكی بۆ عێراق هەڵبژارد، لە هەمووی گرنگتر بۆش پلانێكی نوێی داڕشتبوو لەگەڵ ئەوەی خەڵكی سیاسی و هاووڵاتییانی ئەمەریكا بڕوایان وابوو كە ئەو شەڕە لە زووەوە بە دۆڕانی ئەوان كۆتایی هاتووە.

وانەیەك بۆ ئێران

ئێران بڕوای وایە هەڵبژاردنەكانی نیوەیی كۆنگرێس، كە لە سێی تشرینی دووەمی داهاتوو بەڕێوە دەچێت، چارەنووسی شەڕی لەگەڵ ئەمەریكا دیاری دەكات.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی “واشنتن پۆست”، كە ڕۆژی دووشەمی ڕابردوو بڵاو كرایەوە، بەرپرسانی ئێران هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمزدا توندتر دەكەن بە مەبەستی بەرزكردنەوەی نرخی وزە و سزادانی بەكارهێنەری ئەمەریكی بۆ لاوازكردنی پێگەی سەرۆك تڕەمپ و حزبەكەی پێش هەڵبژاردنەكان.

دیپلۆماتكارێكی عەرەب ئاماژەی بەوە كرد كە دەوڵەتی ئێران بە تەواوی سەرنجی لەسەر ئەم هەڵبژاردنەیە، تەلەڤزیۆنی دەوڵەتەكە بەردەوام بەدواداچوون بۆ سەركەوتنی تڕەمپ دەكەن، پێشبینی ئەوە دەكەن كە شكستی كۆمارییەكان شەڕەكە سنووردار بكات و سازش بۆ ئێران بكەن.

بەڵام ڕەنگە ئێران بۆی دەربكەوێت كە لاوازكردنی سەرۆكێكی ئەمەریكا لە ڕووی سیاسییەوە لەگەڵ وەستاندنی لە ڕووی ستراتیجییەوە هەمان شت نییە، چونكە راستە كۆنگرێسی ئەمەریكا دەسەڵاتی بەسەر بڕیاری شەڕ و ئاشتی، تەنانەت خەرجییەكانی سوپا هەیە، بەڵام بەكارهێنانی ئەو دەسەڵاتە بۆ ناچاركردنی سەرۆكێك كە سوورە لەسەر بڕیارەكەی بابەتێكی ترە.

سەرۆك دەتوانێت ئەو یاسایە ڕەت بكاتەوە كە كاری هێزەكانی سووپا سنووردار دەكات، بۆ رێگرتن لەوەش كۆنگرێسی ئەمەریكا پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی هەردوو ئەنجوومەن هەیە، بۆیە ئەگەر دیموكراتەكان هەڵبژاردنەكەش ببەنەوە، بە دڵنیاییەوە زۆرینەیەكی ئەوەندە جیاوازیان لە كۆنگرێس نابی، هەروەها یاسادانەران دوودڵن لە بڕینی بودجەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا، چونكە خۆیان لەم كاتەدا لە بارودۆخێكی مەترسیداردان.

و: ئەوین مەحموود

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *