ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایاری 2026، ئیمارات ڕای گەیاند کە وڵاتەکەی ڕووبەڕووی هێرشێکی مووشەکیی نوێ بووەتەوە لەلایەن ئێرانەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا ڕای گەیاند، سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی مامەڵە لەگەڵ هێرشێکی مووشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکەن.
لەلایەکی ترەوە ئەنوەر گەرگاش ڕاوێژکاری سەرۆکی ئیمارات دووپاتی کردەوە کە، ڕژێمی ئێران دەستدرێژیکردنی وەک ڕێگەیەک هەڵبژاردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێیەكانیدا. زیاتر گوتی، ئێران جارێکی تر ناونیشانەکەی هەڵە کرد. ڕوونیشی کردەوە کە هەڵوێستی پتەوی ئیمارات بەم پەرەسەندنە ناترسێت و ڕێگەشی پێ نادات شێوەی پێوەندییەکانی داهاتووی ناوچەکە دیاری بکات.
گەرگاش ئاماژەی بەوەش دا، ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارەی ئێران و بەئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی، بە ئیفلاسی ئەخلاقیی ڕژێمێک هەژمار دەکرێت کە دەستدرێژیی کردووەتە ڕێبازی مامەڵەکردن لەگەڵ دراوسێکانی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات چاودێریکردنی چوار مووشەکی کروزی ئێرانی لە ئاسمانی خاکەکەیدا ڕاگەیاند. لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا کە دەست “وشە” کەوتووە، هاتووە، بە سەرکەوتوویی مامەڵە لەگەڵ سێ لە مووشەکەکان کراوە لەسەر ئاوە هەرێمییەکانی دەوڵەت، مووشەکەکەی تریش لە دەریادا کەوتووەتە خوارەوە. وەزارەتەکە دڵنیاییی دا کە، ئەو دەنگانەی لە ناوچە جیاوازەکانی دەوڵەت بیستراون، دەرئەنجامی سەرکەوتوویی پرۆسەی بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشە ئاسمانییانە بووە.
















Leave a Reply