بانكی ئەهلیی عێراقی پلانی فراوانی بۆ زیادكردنی ئامێرەكانی ATM لە سلێمانی و هەڵەبجە هەیە، بەمزووانە كێشەی كەمیی ATM لەو سنوورە چارەسەر دەكات.
بانكی ئەهلیی عێراقی (NBI) پلانی فراوانی بۆ زیادكردنی ئامێرەكانی ڕاكێشانی پارە (ATM) لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكان ڕاگەیاندووە. ئەم هەنگاوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی قەرەباڵغی و خێرا تەواوبوونی پارەی ئامێرەكانە لە كاتی دابەشكردنی مووچەدا.
بانكی ئەهلیی عێراقی، ئێستە هەشت ئامێری ATM لە گەرمیان و شەش ئامێری لە ڕاپەڕین كار دەكەن.
هەروەها دوو ئامێری نوێ لە هەڵەبجە و سەیدسادق دانراون و دانانی ئامێری نوێ لە ڕانیە، چەمچەماڵ، كەلار و سەنتەری سلێمانی لە قۆناغی جێبەجێكردندان.
بانكەكە ڕای گەیاندووە كە شوێنی دانانی ئامێرەكان، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم و بەپێی دابەشبوونی جیۆگرافیی مووچەخۆران دیاری دەكرێت.
لە چەند مانگی داهاتووشدا، 75 ئامێری نوێی ATM لە ناوچە جیاوازەكان دادەنرێن بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان و ئاسانكاریكردن بۆ هاووڵاتییان.
















Leave a Reply