کوردستان دوای نەوت چی لە دوا بەجێ دەهێڵێت؟

بینەر: (7.7K)

شایان لوقمان وەهاب

کاتی ئەوە هاتووە کە واز لە ژماردنی بەرمیلەکانی ئەمڕۆ و داهاتی ئێستا بهێنرێت و چاو ببرێتە چەند دەیەیەکی تر. کاتێک بیری نەوت لە کار دەکەوێت و داهاتەکەی بە تەواوی کاڵ دەبێتەوە، ئایا چی لە پاش ئەم دەسەڵاتە بەجێ دەمێنێت؟ ئایا کێڵگە پیشکەوتووەکان، کارگە و كەرتی پیشەسازی، زانکۆی سەربەخۆ، وزەی نوێبووەوە، پیشەسازیی هەناردەکردن، و دامەزراوەی قایم دەبینین؟ یان تەنیا یادەوەرییەکی تاڵ دەمێنێتەوە کە هەرێمێکی پڕ لە سامان لە ڕۆژگارێکدا خاوەنی گەورەترین دەرفەت بوو، کەچی لە پێناو بەرژەوەندیی تەسکدا هەمووی بەفیڕۆ دا و نەیتوانی بکاتە مایەی خۆشگوزەرانییەکی هەمیشەیی؟

ئەم پرسیارە داهاتوویە، پەیکەری فەشەلی حوکمڕانی بە ڕوونی دەردەخات. کاتێک تەنیا پرۆسەی دەرکردنی خاو هەیە و هیچ ژێرخانێکی بەرهەمهێنکار بوونی نییە، نەمان و پووکانەوەی سامانەکە مانای داڕمانی تەواوی کۆمەڵگە دەگەیەنێت. لە هەناوی ئەم تاریکییە داهاتووەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کە دەبینین: “لە هەرێمدا دەسەڵاتداران بۆ داهاتوو هیچ ناڕوێنن جگە لە قەیران، و وڵاتێک بەجێ دەهێڵن کە تێیدا تەنیا بیری نەوتی وشکبوو و مێژوویەکی پر لە دەرفەتی لەدەستچوو دەدرەوشێتەوە!”

ڕزگاربوون لەم کۆتاییە تراژیدییە، پێویستی بە وەرچەرخانێکی کتوپڕ و مێژوویی هەیە. چاکسازیی ڕاستەقینە کاتێک دەست پێ دەکات کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە قایل بێت بەم بێپلانە قەتساڵییەی داهاتوو، و بە یەکدەنگی داوای بنیاتنانی ژێرخانێکی فرەجۆر، زانستی، و دامەزراوەیی بوبکات، تا لە داهاتوودا نیشتمان لەسەر بنەمای عەقڵ و بەرهەم بژی، نەک لەسەر خەونی نەوتێکی بەسەرچوو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *