لە دوێنێوە بڕیاری نوێ بە بەنزین جێبەجێ دەكرێت و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەنزینی پاڵپشتی كراوی بە نرخی 750 دینار زیاتر كردووە. ئەوەیش تەنگژەكەی لە هەولێر و دهۆك بە تەواوی بە كۆتاهێناوە و لە سلێمانیش بە ئاراستەی چارەسەری دەڕوات.
بەپێی ئامارە فەرمییەكان دوو ملیۆن و هەشت سەد هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستان هەن، لە كاتێكدا پشكی ئێستەی بەغدا تەنیا بەشی یەك ملیۆن و 750 هەزار ئۆتۆمبێل دەكات.
بە گوێرەی بەدواداچوونی “وشە” ئێستە بەنزینی 750 دیناری لە هەولێر و دهۆك زۆر زیاتر بووە تا ئاستێك كە پێویستی ناوخۆی ئەو دوو شارە پڕ دەكاتەوە لە سلێمانیش كێشەكە بەرەو چارەسەری دەچێت.
لەپاڵ ئەوەیشدا، پێشبینی دەكرێت كە ئەم هەفتەیە نرخی جۆرەكانی تری بەنزین /سوپەر و موحەسەن/ ڕوو لە دابەزین بكات، چونكە بە گوێرەی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بازرگانان دەتوانن هاوردەی بكەن و ئێستە بڕێكی زۆر لە بەرهەمهێنان و گەیشتن نزیك بووەتەوە.
هەر ئەمڕۆ، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت، رای گەیاند، بە ڕێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دابین دەكرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پەنجا هەزار بەرمیلی تر بە نرخی پاڵپشتیكراو دابین دەكات.
روونیشی كردەوە كە بەهۆی ئەو پڕۆسەیەوە دوای پاڵاوتن و جیاكردنەوەی مادەكانی تر، كۆی گشتیی دابەشكردنی بەنزین ڕۆژانە دەگاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار بۆ چوار ملیۆن لیتر لە ڕۆژێكدا.
دووپاتی كردەوە كە لەم هەفتەیەدا ڕێگەپێدان بۆ هاوردەكردنی بڕێكی زۆر لە بەنزینی موحەسەن و سوپەری بازرگانی دەدرێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆكارێكی بەهێز بۆ دابەزاندنی نرخی سەرجەم جۆرەكانی بەنزین و ئاساییبوونەوەی دۆخەكە.
















Leave a Reply