هێلكە یەكێكە لە خۆراكە تەندروست و زۆر گرنگەكان بۆ تەندروستی مرۆڤ، زۆرینەی سیستمە خۆراكە تەندروستەكان خواردنی هێلكە لەخۆ دەگرن و بژاەرەیەكی باشە، بەڵام هەندێك لە شارەزایانی تەندروستی باسی ئەوە دەكەن ئەگەری هەیە خواردنی هێلكە لە سەعاتەكانی شەودا، مرۆڤ تووشی چەند كێشەیەك بكات، بەتایبەتی ئەوانەی خۆیان كێشەیان لە هەرسكردن و گەڕانەوەی ترشەلۆك و هەستیاری بۆ هێلكە هەیە.
وەك ماڵپەڕی ” Medical Xpress “ی تایبەت بە هەواڵی تەندروستی باسی كردووە، شەش ئاماژە هەن بۆ ئەوەی خواردنی شەوانەی هێلكە لەگەڵ ئەو كەسەدا ناگونجێت، زەحمەتیی هەرسكردن و هەستكردن بە قورسایی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هێلكە، بەتایبەتی زەردێنەكەی بە چەوری و پرۆتین دەوڵەمەندە و لای هەندێك كەس هەرسكردنی پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە، بۆیە ئەو كەسە هەست بە قورسبوونی گەدە و نارەحەتی دەكات.
دروستبوونی غازات و ئاوسانی سك، هەندێك كەس دوای خواردنی هێلكە تووشی ئاوسانی سك دەبنەوە، بەتایبەتی ئەگەر زۆری لێ بخۆن، یان لەگەڵ خۆراكی تر بیخۆن كە كێشەی هەرسكردن دروست دەكەن، سووتانەوەی گەدە و گەڕانەوەی ترشەلۆك بۆ سورێنچك، چونكە خواردنی شەوانەی چەوری دەبێتە هۆی سستبوونی بەتاڵبوونی گەدە و زیادبوونی گەڕانەوەی ترشەلۆك و سووتانەوەی گەدە، بەتایبەتی لە كاتی پاڵكەوتنی راستەوخۆ.
هەروەها دەبێتە شێوانی نوستن و زەحمەتیی نوستن و بەخەرهاتن، یان هەندێك كەس هەستیارییان بۆ هێلكە هەیە و تووشی خوران و پەڵەی پێست و هێڵنج و ئاوسانی لێوەكان و زمان دەبنەوە، زیادبوونی كالۆری و زیادبوونی كێشی لەش، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە هەموو كەسێك تووشی ئەو كێشانە دەبێتەوە، ئەگەر نیشانەكانی دەركەوت، رەنگە بە هۆی كاتی خواردنی هێلكەكە بێت.












Leave a Reply