قەرەبووی كەمخەوی دەكرێتەوە؟

بینەر: (1.0K)

زۆر كەس پێیان وایە دەتوانن قەرەبووی كەمخەویی رۆژانی كاركردن لە رێگەی تەرخانكردنی كۆتایی هەفتە بۆ نوستن بكەنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی كارەكانیان پێویست بە زوو لەخەوهەستان دەكات، توێژەران پێیان وایە كەمخەوی قەرەبوو ناكرێتەوە و شتێك نییە بەناوی قەرزی خەو و ئەو كەمخەوییە كورتخایەن یان درێژخایەن بێت، كاریگەریی لەسەر مرۆڤ دەكات.

شارەزایانی بواری نوستن وریایی لەوە دەدەن كە بێبەشبوون لە خەوی پێویست بۆ چەند رۆژێك، لە رێگەی نوستنی زیاتر لە یەك رۆژ قەرەبوو ناكرێتەوە، ئەوەی پێی دەگوترێت “قەرزی خەو”، لە هەر شەوێك كەڵەكە دەبێت و قەرەبووكردنەوەی لە رۆژێكی كۆتایی هەفتە بەس نییە بۆ نەهێشتنی كاریگەرییە نەرێنییە تەندروستییەكانی دروستی دەكات، وەك راپۆرتێكی “واشنتن پۆست”، باسی كردووە.

كەسانی پێگەیشتوو بۆ بەجێگەیاندنی كارەكانیان بە باشی پێویستییان بە حەوت بۆ نۆ سەعات خەوی شەوانە هەیە، بۆیە هەر شەوێك نوستن لەوە كەمتر، كورتهێنان دروست دەكات و بە تێپەڕبوونی رۆژەكان، سەعاتەكانی كەمخەوی كەڵەكە دەبێت زیاد دەكات و كاریگەرییەكەی تەنیا ماندووبوون و شەكەتی نییە، بەڵكو كەمیی سەرنج و ئاگایی و زووهەڵچوون و لاوازیی یادەوەرییە.

ئەگەر بێخەوییەكە زیاتر و درێژخایەن بێت، چەند مەترسییەكی تری تەندروستی بەدواوە دێت، لەوانە بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشییەكانی دڵ و سەكتەی مێشك و زیادبوونی هەوكردن و لاوازیی توانای مێشك و زیادبوونی بەرگری بۆ ئەنسۆلین و لاوازیی سیستمی بەرگری، بە گشتی ئەوانەی كەمتر لە پێویست دەخەون، پێشبینی دەكرێت تەمەنیان كەمتر بێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *