ئەمینداری ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو سەردانی بەغدا دەكات

بینەر: (910)

لە ماوەی رابردوو هاوكات لەگەڵ هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكانی نزیك لە تاران لە خاكی عێراقەوە بە درۆن و مووشەك بۆردمانی وڵاتانی كەنداویان دەكرد، ئەوەش وای كرد ئەوان چەند رێوشوێنێك بگرنە بەر و داوایان لە عێراق كرد سنوورێك بۆ ئەو هێرشانە دابنێت، بۆ باسكردنی ئەو بابەتە و بابەتی تریش، بڕیارە سبەی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو سەردانی بەغدا بكات.

بەپێی سەرچاوەك بڕیارە سبەی سێشەم جاسم محەمەد بدێوی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی هاریكاریی كەنداو بە سەردانێكی فەرمی بگاتە بەغدا و لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆ ببێتەوە و باسی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و پاڵپشتیكردنی وڵاتانی كەنداو بۆ عێراق لە بوارە جیاجیاكان بكەن، لەوانە دووپاتكردنەوە لە پێویستی دوورخستنەوەی عێراق لە گۆڕەپانی شەڕ و رێگریكردن لە بەكارهێنانی خاكەكەی بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی كەنداو.

شایەنی باسە بە درێژایی 40 رۆژی شەڕی ئەمەریكا و ئیسرائیل و ئێران كە لە 28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد، میلیشیاكانی عێراق كە لە ئێرانەوە نزیكن، دەستیان كرد بە بۆردمانكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە و كەنداو، هاوكات ئەوان دامەزراوە ستراتیجی و نەوتی و غازییەكانی ئەو وڵاتانەیان بۆردمان دەكرد و تەنانەت دوای ئاگربەستیش لە هێرشەكانیان بەردەوام بوون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *