بێ كارەبایی خەڵكی موسەننای هێنایە سەر شەقام

بینەر: (1.2K)

سەتان هاووڵاتیی دانیشتووی شارۆكەی ئەلخزری سەربە پارێزگای موسەننا، ئەمڕۆ یەكشەم ڕژانە سەر شەقام و داوای چارەسەری دەسبەجێی تەنگژەی كارەبایان دەكرد، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دانەوەی سەعاتەكانی كارەبا زۆر كەمی كردووە.

قەیس عەلی هاووڵاتییەكی ناوچەكە و یەكێك لە خۆپێشاندەران، بۆ “بەغداد ئەلیەوم” گوتی، خۆپێشاندانێكی ئاشتییانەمان بۆ ناوەندی سەرەكی بەڕێوەبردنی دۆسیەی كارەبا ئەنجام داوە و داوای چارەسەری خێرا و بە پەلە بۆ تەنگژەی كەمی كارەبا دەكەین، كە گوشارێكی زۆری لەسەر ژیانی هەزاران هاووڵاتی دروست كردووە و بەو گەرمایە لە دۆخێكی خراپ ژیان بەسەر دەبەن.

زیاتر گوتی، سەعاتەكانی پچڕانی كارەبا زۆر زیادی كردووە و زۆرجار چوار تا پێنج سەعات لە ساتی گەرما كارەبا دەبڕێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە پلەكانی گەرما بە ڕۆژ بە تایبەت زۆر زیاتر بەرز بووەتەوە و بەرزتریش دەبێتەوە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو خۆپێشاندانەی ئەمڕۆ سەرەتایە و لە ڕۆژانی داهاتوو دەبێتە مانگرتنێكی فراوان و كراوە، چونكە شارۆكەی ئەلخزر لە دۆخی كوڵانی خەڵكیدایە، بەهۆی بەردەوامی تەنگژەی كارەباوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *