دوای ئەوەی شەوی رابردوو هێرشە مووشەكییەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستی پێ كردەوە و ئیسرائیلیش وەڵامی دایەوە، ئەمڕۆ هەردوولا وەستانی هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتر راگەیاند، سەرۆكی دەستەی فریاگوزاریی ئێران رای گەیاند كە ئاماری قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل 15 بریندارە و تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی مردن تۆمار نەكراوە.
جەعفەر میعادفەر سەرۆكی دەستەكە گوتی، 14 لە بریندارەكان لە شاری ماشەهر لە پارێزگای خوزستان تۆمار كراون و یەكێكی تریش لە تارانی پایەتەخت، 14یان نەخۆشخانەیان جێ هێشتووە و یەكێكیان چارەسەری وەردەگرێت، دووپاتی كردەوە، كە سیستمی تەندروستی و تیمەكانی فریاگوزاری لەوپەڕی ئامادەسازیدان بۆ هەر پەرەسەندنێكی گریمانكراو و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی پزیشكی بۆ برینداران لە كاتی بەردەوامیی هێرشەكان.
دوای هێرشەكانی شەوی رابردوو و ئەمڕۆی ئێران، سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە ژمارەیەك ئامانجی لە كۆمەڵگەی پترۆكیمیایی لە بەندەری ماشەهر لە باشووری رۆژئاوای ئێران بۆردمان كردووە، ئەو دامەزراوانەی كراونەتە ئامانج بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەكردنی مادە سەرەتاییەكانی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی مووشەكی بالیستی بەكار هاتووە، لەوكاتەی ئێران ئاماژەی كرد كە دامەزراوەكانی پترۆكیمیایی لە حەیفا كردووەتە ئامانج.
















Leave a Reply