بەدرێژایی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پێوەندییەكی بەردەوامدا بوونە و هاوئاهەنگییەكی تەواو لە نێوانیاندا هەبووە، هاوكات وەك میدیاكان باسی دەكەن كێشە و ناكۆكیشیان هەبووە، بەپێی میدیاكان سەرۆكی ئەمەریكا نەتنیاهۆی وریا كردووەتەوە كە ئەگەر لە پەرەسەندن لەگەڵ ئێران نەوەستێت، بە تەنیا دەمێنێتەوە.
كەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە ترەمپی گواستەوە، لەوكاتەی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆ هێرشكردن ئامادە بوون، فەرمانم بە نەتنیاهۆ كرد هێرشەكانی بۆ سەر ئێران بوەستێنێت، چەند دەوڵەتێكی ناوچەكە داوایان كرد بۆ نەهێشتنی شەڕ و گرژییەكان، گوشار لە نەتنیاهۆ بكەم، بۆیە توانیمان هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران كەم بكەمەوە، پێم گوت كە شەڕم ناوێ و تۆ گڵۆپی سەوزت پێ نییە، بۆیە ئەگەر گرژییەكان نەوەستێنیت بە تەنیا دەمێنیتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دووپاتی كردەوە كە شەڕی ئێران و حزبوڵای لبنانی كۆتایی نەهاتووە و ئەو پێوەندییەكی تەلەفۆنی باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا ئەنجام داوە.
نەتنیاهۆ لە وتەیەكی رای گەیاند كە ئێران و حزبوڵا ویستیان هاوكێشەیەكی نوێ بەسەر ئێمەدا بسەپێنن و ئەوەش قبووڵكراو نییە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە هەڕەشەوە ئاماژەی كرد كە بە توندی وەڵامی هەر هێرشێكی تری ئێران دەدەینەوە، ئەو هاوكێشەی ئێران و حزبوڵا دەیانەوێ بەسەر ئێمەیدا بسەپێنن جێبەجێ نابێت و ئەوان لە هەر كاتێكی تر لاوازترن، لە سەردەمی فەرمانڕەوایەتیی من هاوكێشەكانی ئێران قبووڵكراو نین.
















Leave a Reply