باخچەلی: ئەگەر پەرلەمانتاران نەچنە لای ئۆجەلان من و هاوڕێكانم دەچین

بینەر: (974)

دەوڵەت باخچەلی رای گەیاند، بەبێ سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی، كارەكانی لیژنە پەرلەمانییەكە هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، ئامادەم لەگەڵ چەند هاوڕێكانمدا بچمە ئیمراڵی.

تا ئێستە كەس لەوە نەگەیشتووە ئەم گۆڕانكارییە خێرایەی دەوڵەت باخچەلی كە سەردەمێكی زۆر دژی كورد، توندترین پیاوی ناودەوڵەت بوو، ئێستە گۆڕاوە بۆ شلترین پیاوی توركیا و بەردەوام هەنگاوی خێرا بۆ چارەسەری پرسی كورد و پەكەكە دەنێت.

دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی پارتی نەتەوەیی توركیا (مەهەپە) لە كۆبوونەوەی هەفتانەی فراكسیۆنی حزبەكەی لە پەرلەمانی توركیا رای گەیاند: ئێستە كارەكانی كۆمسیۆنی پەرلەمانی گەیشتووەتە قۆناغی كۆتایی، كارەكانیان هیچ سوودێكی نییە ئەگەر نەچن بۆ ئیمراڵی.

گوتیشی: “ئەگەر كۆمسیۆنەكە كەسی دیاری نەكرد بۆ سەردانی ئیمراڵی، خۆم لەگەڵ هاوڕێكانم دەچم بۆ ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلان كۆ دەبمەوە”.

باخچەڵی رای گەیاند: ئۆجەلان بەڵێنەكانی بردووەتەسەر و چاوەڕێی ئێمەیە هەنگاو بنێین، ئەگەر وا نەكەین دەگەڕێینەوە خاڵی سفر.

سەرۆكی مەهەپە گوتی، لە بەرژەوەندیمانە پەرلەمانتاران بچنە ئیمراڵی و گوێ لە ئۆجەلان بگرن و پرسی پێ بكەن و هەنگاوی كرداری بۆ پرسەكە بهاوێژرێت، ئەگەر وانەكەین زیان دەكەین.

پێشتریش رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، گڵۆپی سەوزی بۆ لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری هەڵكرد تا سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان بكەن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *