حوکمڕانی هەرێم لەنێوان دەسەڵاتی بنەماڵەیی و بۆشایی دەستوریدا

بینەر: (5.4K)

جوانڕۆ عەزیز ئەحمەد

هەر دەسەڵاتدارێک یاخوود حکومەت و حزبێکی سیاسی  بانگەشەی دیموکراسی و دەوڵەتی مەدەنی و مافی یەکسان بکات، نابێت لە بۆشایی دەستوریدا بێت و بەبێ دەستوور وڵات بەڕێوەببات،  لەدەوڵەتی مەدەنی و دەستوریدا نابێت دەسەڵات تەنیا لای بنەماڵەیەکی سیاسی کۆببێتەوەو قۆرخکاری بکات لە پێدانی مافی یەکسان بەتاکەکانی کۆمەڵگا.

دەسەڵاتداران لەنەبوونی دەستوردا زۆر بەئاسانی دەتوانن پێشێلی یاسا کارپێکراوەکان بکەن، ئاساییە بەلایانەوە کە وڵات بەبێ بوونی سیستەم و دەستوور بەڕێوەببەن، دەوڵەتی قانون ڕێ لە دزی و جەردەیی و تاڵانی دەگرێت، ڕێ لە تێکچونی بارودۆخی سیاسی و پێکهەڵپژانی لایەنە ڕکابەرەکان دەگرێت، ڕێ لەوە دەگرێت گرووپی چەکداری میلیشیایی درووست ببن کەدواجار دەبنە هەڕەشە لەسەر دەڵەوت، بەڵام کاتێک دەوڵەت کار بە دەستوور ناکات و قانونیش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئیتر هەموو ئەوشتانە ڕوودەدەن، هەرێمی کوردستان نمونەی ئەو هەرێمە فیدڕالیانەیە کەبەبێ دەستور بەڕێوەدەبرێت و دەسەڵاتدران بەهێزی چەکدار و ئابوری بەهێز وڵات بەڕێوە دەبەن.

سەیرکەن بەهۆی بۆشایی دەستوری نزیک دەبینەوە لە دوو ساڵ کە هەڵبژاردن کراوە بۆ پەرلەمانی کوردستان بەڵام حکومەتی نوێ پێکنەهێنراوە، لەعێراقدا هیچ پێشێلکاریەکی دەستوری ناکرێت و هەموو هێزە سیاسیەکان مولزەمن بەجێبەجێکردنی بڕگەکانی دەستور لەکاتی خۆیدا، بەڵام هێزە سیاسیەکانی کورد گوێ بەوە نادەن و بە یاسای سروشتی هەموو شتێک پەکدەخەن.

پارتی و یەکێتی بۆئەوەی بەردەوامبن لە حوکمڕانی ناتەندروست ڕێ بەنوسینی دەستورێکی مەدەنی نادەن کەببێتە هۆکاری پاراستنی شوناس و کلتور و سنور و پێگەی هەرێمی کوردستان لە داگیرکارییە کلتوری و سیاسی و سەربازییەکانی وڵاتانی ئیقلیمی، بەهۆی نەبوونی دەستور هێزە سیاسیەکان بەئارەزووی خۆیان عیلاقات لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و هێزە موخابەراتیەکانی دونیا دروست دەکەن، دەیان هەڵەی سیاسی گەورە دەکەن کەچارەنووسی گەل و نیشتیمان بەرەو هەڵدێر دەبەن، بەڵام لەنەبونی دەستوردا کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکات و هەرچی بیانەوێت بە حوکمی عەشایەری و دەسەڵاتی زۆرەملێ دەیچەسپێنن.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *