پزیشكێكی پسپۆر لە بواری خۆراك لە راپۆرتێكی تەندروستیدا بۆ رۆژنامەیەكی بەریتانی، لیستێك بەناوی ئەو جۆرە میوانە بڵاو كردووەتەوە كە رۆڵی كاریگەریان بۆ دووركەوتنەوە لە قۆناغی پیری هەیە، بۆ هەر میوەیەكیش سوودەكانی روون كردووەتەوە كە گرنگە رۆژانە بە خواردنیان، خۆتان لە پیری دوور بكەنەوە و بە تەندروستییەكی باشتر بژین.
بەشی تەندروستیی پێگەی “ئیلاف” كە هەواڵەكەی بڵاو كردووەتەوە، پشتی بە راپۆرتەكەی دكتۆر ئیرین بینیلا بەستووە كە لە رۆژنامەی “دەیڵی مێڵ”ی بەریتانی بڵاوی كردووەتەوە، تێیدا لیستێكی بە ناوی ئەو میوانە خستووەتەڕوو كە بۆ تەندروستیی مرۆڤ زۆر بەسوودن، بەتایبەتی بۆ دووركەوتنەوە لە قۆناغی پیری، جیالەوەی ئەو میوانە وا دەكەن مرۆڤ پڕ وزە بێت و دڵ و مێشكی بە ئەركی دروستی خۆی هەستێت، لەوەیش زیاتر لەو میوانەدا دژەئۆكسید و ڤیتامینە جۆراوجۆرەكان بە جەستەی مرۆڤ دەگەن و دەیكەنە خاوەن جەستەیەكی تەندروست.
لە سەرووی لیستەدا ناوی هەنار هاتووە كە بۆ دەمارەكان و دڵ زۆر سوودبەخشە، بەدوایدا باس لە سێو دەكات كە رەگەزێكی خۆراكیی زۆر تەندروستە نەك تەنیا بۆ دەوڵەمەندیی بە ڤیتامینەكان، بەڵكو بە ریشاڵ زۆر دەوڵەمەندە و وا دەكات زۆر بە خێرایی هەست بە تێربوون بكرێت، ئەوەیش بۆ هاوسەنگیی بایۆلۆجی بۆ بەكتریا زۆر گرنگە، بۆیە ئەو میوانە واتە هەنار و سێو رۆڵی گرنگ بۆ دووركەوتنەوە لە قۆناغی پیری دەبینن.
ئەو پزیشكە لە دوای هەنار و سێو، ئاماژە بە سوودی فەراولە دەكات كە رۆڵی گرنگی بۆ پێست و بەتایبەتی بۆ پێستی رووخسار هەیە، ئەویش هەوكردنی درێژخایەن كەمتر دەكاتەوە بەوەی دژەئۆكسیدی زۆر لەخۆ دەگرێت، بەدوایدا باس لە ترێ و پرتەقاڵ دەكات كە ئەو دو میوەیە، بە ڤیتامین “سی” زۆر دەوڵەمەندن و هەموو جۆرە هەوكردنەكان لەناو دەبەن. بەڵام هۆشداریی دەدات لەوەی دەبێ زێدەڕۆیی لە خواردنیان نەكرێت، چونكە بەهۆی شیرینییەكەیان، ئەگەری هەیە مرۆڤ تووشی نەخۆشیی شەكرە بكەن.
















Leave a Reply