راوێژكارێكی سوودانی: پێوەندیی دارایی و تەناهیمان لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامە

بینەر: (12)

ئەمڕۆ وەك گوشارێكی تر بۆ سەر عێراق سەبارەت بە دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، هاتە راگەیاندن كە ئەمەریكا رەوانەكردنی دۆلار و هاریكارییە تەناهییەكانی بۆ عێراق وەستاندووە، كە حاڵەتێكی مەترسیدارە، راوێژكارێكی سەرۆكی حكوومەتی عێراق ئەوە رەت دەكاتەوە و دووپاتی بەردەوامبوونی پێوەندییەكانی بەغدا و واشنتن دەكاتەوە.

حوسێن عەلاوی راوێژكاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، ئەو هەواڵانەی باسی وەستانی هاتنی دۆلار لە ئەمەریكا بۆ عێراق تا كاتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكەن راست نین، دووپاتی كردەوە كە پێوەندییە دارایی و تەناهییەكان لەگەڵ واشنتن بەردەوامە و نەپچڕاوە.

زیاتر گوتی، ئەو دۆلارەی بۆ عێراق دێت مافێكی سەروەرییە و بە بڕیارێكی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا پارێزراوە، ئەو وریایی لە بڵاوكردنەوەی ئەو جرە دەنگۆیانە دا كە مەبەستی سەرەكی لێیان شێواندنی سەقامگیریی بازاڕی ناوخۆیی و بەنەرێنی كاریگەریكردنە لەسەر ئابووریی وڵات.

ئەمڕۆ دووشەم لە میدیاكان بڵاو كرایەوە كە ئەمەریكا رەوانەكردنی دۆلاری بۆ عێراق وەستاندووە، دەست پێكردنەوەی رەوانەكردنیشی بە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەستووەتەوە، لە چوارچێوەی گوشارە سیاسی و تەناهییەكانی سەر عێراق، جیا لە هەڵپەساردنی كۆبوونەوە تەناهییەكان تا كاتی ئاشكراكردنی ئەو لایەنانەی لە كردنەئامانجی باڵوێزخانەی ئەمەریكا و ناوەندی پاڵپشتیی لۆجیستی لە عێراق تێوەگلاون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *