کاتێک حەشدی شەعبی دەبێتە دوژمنی ناوخۆ

بینەر: (4.9K)

سەروەرعارف ڕەسوڵ

دەسەڵاتێک کە بە فەرمی مووچە لە دەوڵەت وەربگرێت بۆ پاراستنی نیشتمان، بەڵام لە هەمان کاتدا چەکەکانی بکاتە ڕووی ژێرخانی هەمان نیشتمان، ئیتر هێزێکی نیشتمانی نییە، بەڵکو ڤایرۆسێکی کوشندەیە کە جەستەی وڵات دەخوات! میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە بەشێکن لە سیستەمی فەرمیی بەرگریی عێراق، نەک هەر لە ئەرکە نیشتمانییەکانیان لایانداوە، بەڵکو بوونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی کوردستان. لە ماوەی ڕابردوودا، ئەم گروپانە بە سەدان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگە نەوتییەکان (وەک سەرسەنگ و خورمەڵە)، فڕۆکەخانەی مەدەنیی هەولێر، و تەنانەت وێستگەکانی کارەبا و ئاویش. ئەمە “شەڕی بەرگری” نییە دژی ئەمریکا یان ئیسرائیل وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو ئەمە تیرۆرکردنی ئابووریی میللەتێکە بۆ ئەوەی ملیان بۆ هەژموونی ئێران و مافیاکانی بەغدا کەچ بکات.

لێدان لە سەرچاوەکانی ژیانی خەڵک، گەورەترین تاوانی جەنگە کە دەکرێت دژی گەلێک ئەنجام بدرێت! بەپێی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی و پەیماننامەکانی جنێڤ، بەئامانجگرتنی دامەزراوە مەدەنییەکان و ژێرخانی ئابووری (وەک وێستگەی کارەبا و ئاو و نەوت) پێشێلکارییەکی زەقی مافەکانی مرۆڤە، چونکە ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی بڕانی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان لەسەر ملیۆنان هاوڵاتیی سڤیل و نەخۆشخانەکان پەکدەخات. ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ زۆر بەڕوونی ئەم هێرشە درۆنییانەی حەشدی شەعبی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان بە “هەڵکشانێکی مەترسیدار و پێشێلکاری” ناوبردووە کە ڕاستەوخۆ ژیانی مەدەنییەکان دەخاتە مەترسییەوە. کاتێک مووشەکێک لە وێستگەیەکی کارەبا یان کێڵگەیەکی نەوت دەدات، ئەوەی باجەکەی دەدات سەربازێکی ئەمریکی یان ئیسرائیلی نییە، بەڵکو ئەو منداڵە کورد و عێراقییەیە کە لە نەخۆشخانەدا ئۆکسجینی لێ دەبڕێت یان باوکەکەی مووچەکەی دوادەکەوێت!

بەکارهێنانی سامانی گەل بۆ کڕینی چەک دژی خودی گەل، لوتکەی داڕمانی ئەخلاقییە لە مێژووی حوکمڕانیدا. پێموایە کە  “ناتوانیت باس لە مافی مرۆڤ بکەیت، کاتێک ئەوانەی بەرپرسن لە پاراستنت، خۆیان دەبنە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ژیانت و ماڵەکەت وێران دەکەن.ئەمڕۆ حەشدی شەعبی ڕێک ئەم هەڕەشە ناوخۆییەیە؛ ئەوان بە ناوی “بەرەی مقاوەمە” و دەرکردنی بێگانە، ئاسمانی وڵاتیان کردووەتە دۆزەخ و خەڵکی سڤیلیان کوشتووە (وەک شەهیدبوونی ئەو دوو هاوسەرە کوردە بەهۆی هێرشی درۆنەوە ، و تەنانەت لە ناوەڕاست و باشووری عێراقیشدا بە قەناس و درۆن و ڕفاندن، سەرکوتی هەر دەنگێکی ناڕازیی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان دەکەن کە باسی گەندەڵییەکانیان بکات. ئەوان ژێرخانی ئابووریی هەرێم دەسوتێنن تەنها بۆ ئەوەی لە ململانێی دابەشکردنی داهات و بودجەدا، فشاری زیاتر بخەنە سەر هەولێر.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *