شارەزایەك: 23 ساڵە عێراق كەشتیگەلی گواستنەوەی نەوتی نییە

بینەر: (513)

دوای ئەوەی ئەمڕۆ گوتەبێژی بارەگەی خاتەمولئەنبیای ئێران رای گەیاند كە عێراق لە قەدەغەی سەر گەرووی هورمز بەخشراوە، واتە نەوتی عێراق بە گەرووەكەدا تێپەڕ دەبێت، شارەزایەكی ئابووری رەخنەیەكی زۆر لە عێراق دەگرێت، بەوەی كەشتیگەلی گواستنەوەی نەوتی نییە و ئەو تەنگژەی ئێستە بوونی كەموكورتییەكی گەورەی لە كەرتی نەوتی عێراق ئاشكرا كرد.

مەنار عوبێدی دەڵێت، بودجەی عێراق نیوچە تەواوەتی پشت بە داهاتی فرۆشتنی نەوت دەبەستێت، دەروازەكانی فرۆشتنی نەوتیشی سنووردارە، ژێرخانی لۆجیستی پێوەست بە كەرتی نەوت ئەویش لاوازە، ماوەی 20 ساڵە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەتایبەتی بەرهەمی نەوتی بەسرە و دەروازەی هەناردنیش هەر بەسرەیە، 85%ی نەوتەكەش بە چین و هیندستان دەفرۆشێت.

زیاتر گوتی، نەبوونی وەبەرهێنان لە بواری نەوت گەورەترین كێشەی عێراقە، كاری لەسەر پەرەپێدانی كەشتیگەلیی نیشتمانی گواستنەوەی نەوت نەكردووە و پشتی بە كەشتی بیانی بەستووە، ئەوەش بووەتە خاڵێكی گەورەی لاوازی و توانای هەناردنی نەوتیان سنووردار كردووە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *