“شیعە شپرزەن و هەوڵی ئاگربەست لە عێراق دەدەن”

بینەر: (5)

لەگەڵ بەردەوامیی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەڕی میلیشیاكان و ئەمەریكا لە عێراق بەردەوامە، هاوكات تا ئێستە حكوومەتی عێراق ناتوانێت كۆنترۆڵی میلیشیاكان بكات و رێگری لە بۆردمانەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان بكات، ئەوەش حكوومەتەكە و هێزە شیعەكانی شپرزە كردووە و هەوڵی هێوركردنەوەی دۆخەكە و ئاگربەست دەدەن.

چەند سەرچاوەیەك لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی هەوڵێك دەكەن كە هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر سەرپەرشتی دەكات بۆ سازكردنی ئاگربەستێكی كاتی لە نێوان ئەمەریكا و میلیشیاكانی سەر بە ئێران، ئەگەرچی دیار نییە ئاخۆ عامری یان هەر بەرپرسێكی تری شیعە دەتوانێت بێ ئێران ئەو كارە ئەنجام بدات یان نا.

بەرپرسێكی تری چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسی ئەوە دەكات كە زەحمەتە عامری یان بەرپرسانی تری شیعە بتوانن رێككەوتنێك بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە و وەستانی بۆردمانەكان ساز بكەن، بۆیە دۆخەكە ئاڵۆز و نادیار و شپرزەیە لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەتایبەتی كە هەوڵی پێشتر هەبووە و سەری نەگرتووە.

سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە زۆرینەی سەركردەكانی چوارچێوە بۆ مانەوە و بەرژەوەندییەكانی خۆیان سەربەخۆ و دوور لە یەكتر كار دەكەن، هەندێكیان هەوڵی مەراییكردنن بۆ واشنتن و هەشیانە بۆ ئێران، هەموو ئەوانەش پێوەندییان بە پێشبینییەكان بۆ دوای شەڕی ئێستەی ئێرانەوە هەیە.

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە تەنیا لایەنی ئێرانی دەتوانێت كۆنترۆڵی هەڵسوكەوتی میلیشیاكان بكات، بە وەستانی هێرشەكانیان یان بەردەوامبوونیان، بۆیە تەواوی هەوڵەكانن لەوانە هی حكوومەتی عێراقی هیچ كاریگەری لەسەر وەستانی هێرشەكان نییە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *