حەشدی شەعبی: لە قائیم شەش كارمەندمان كوژراون و چواریش بریندارن

بینەر: (1.2K)

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەردەوامە، هاوكات بۆردمانی یەكتری میلیشیاكانی نزیك لە ئێران و ئەمەریكا لە عێراق ئەویش بەردەوامە، لە لایەك میلیشیاكان، كە بەشێكن لە حەشدی شەعبی، لە بۆردمانكردنی مووشەكی و درۆنی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا بەردەوامن، فڕۆكەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل بارەگەی ئەوان دەكەنە ئامانج.

ئەمڕۆ چەند جارێك هێرش كرایە سەر چەند بارەگەیەكی هەردوو لیوای 18 و 19ی حەشدی شەعبی لە ئەنبار، دەستەی حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەك كوژرانی شەش كارمەند و برینداربوونی چواری تری راگەیاند، لەو بۆردمانە ئاسمانییەی شارۆكەی قائیمی لە پارێزگای ئەنبار كردە ئامانج.

بەپێی بەیاننامەكە، ئەمڕۆ بازگەی شەهید حەیدەر لە شارۆكەی قائیم دووچاری بۆردمانێكی ئاسمانیی ئیسرائیلی هاتەوە، كە خاڵێكی تەناهیی فەرمیی حەشدی شەعبییە، بەهۆی هێرشەكەوە شەش كارمەند كوژران و چواریش بریندار بوون، ئەوەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەك هێرش لە ماوەی رابردوودا.

دوای دەست پێكردنی هێرشە بەرانبەرەكانی ئێران بۆ هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل، ملیشیا شیعەكانی عێراق كە خۆیان وەك موقاوەمەی ئیسلامی ناساندووە، دەستیان كردووە بە كردنەئامانجی بنكە سەربازی و بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان، شەمووی رابردوو رایان گەیاند كە لە 24 سەعاتدا 27 هێرشیان ئەنجام داوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *