ژوورە بازرگانییەكانی عێراق دەرگەیان داخست

بینەر: (1.0K)

وەك بەردەوامیی ناڕەزایەتییەكان بەرانبەر بە بڕیارێكی حكوومەتی عێراق بە زیادكردنی تاریفەی گومرگی، بە مەبەستی زیادكردنی داهات، یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكان و ژووری بازرگانیی بەغدا داخستنی دەرگەی ژوورەكانیان تا كاتێكی نادیار داخست، ئەوەش وەك هاوشانی و پاڵپشتییەك بۆ بارزگانانی ناڕازی بەرانبەر بە جێبەجێكردنی سیستمی ئەسكیۆدا.

بەپێی بەیاننامەیەكی یەكێتی ژوورە بازرگانییەكان، یەكێتییەكە و ژووری بازرگانیی بەغدا داخستنی دەرگەی ژوورەكانیان لە ئێستەوە تا كاتێكی نادیار رادەگەیەنن، تا كاتی وەڵامدانەوەی داواكاریی بازرگانان و چارەسەركردنی لێكەوتە نەرێنییەكانی كە بەر جموجۆڵی بازاڕ و ئابووری نیشتمانی كەوتووە، هەر بەپێی بەیاننامەكە ئەو هەنگاوە وەك ناڕەزاییە بەرانبەر بە زیادكردنی دوایی تاریفەی گومرگی.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە جموجۆڵێكی ناڕەزایەتیی بارزگان و خاوەن دوكان و ماركێتەكانی لە عێراق، بەتایبەتی بەغدای پایەتەخت گرتووەتەوە، ئەوان وەك ناڕەزایەتی بەرانبەر بە زیادكردنی تاریفەی گومرگی لە لایەن حكوومەتی عێراق لە بەندەر و دەروازە سنوورییەكان و دواكەوتنی هێنانەدەرەوەی كاڵاكانیان لەو شوێنانە، خۆپێشاندانی فرەوانیان ساز كرد و دوكانەكانیان داخست، هاوكات داوا لە حكوومەت كرا جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بۆ دوای چاوخشاندن و تاوتوێكردنەوەی زیاتر دوا بخات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *