سەرەڕای كۆبوونەوەی بەردەوام و سووربوون و دووپاتكردنەوە لەسەر پابەندبوون بە وادە دەستوورییەكان لە دیاریكردنی سەرۆكایەتییەكان و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، بەڵام ئەو هەوڵانە تا ئێستە بێ ئاكامن و ئاماژەیان تیادا نییە بۆ چارەسەربوونی دۆخەكە بەمنزیكانە، بۆیە پێشبینیی دەكرێت پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوا بكەوێت.
لە سایەی ئەو كێشە قووڵە ناوخۆیی و دەرەكییانەی هەیە، زۆرینەی چاودێران پێیان وایە ئەو پەككەوتنە سیاسییەی لە عێراق دروست بووە، چەند مانگێك بخایەنێت، وەك ئەوەی لە خولەكانی پێشووی پێكهێنانی حكوومەت دووبارە بووبووە، كاتێك پێكهێنانی حكوومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی بۆ ساڵێك دوای هەڵبژاردن دوا كەوت.
بەپێی سەرچاوەیەك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لە هەفتەكانی دوایی چەندان سیناریۆ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق خراونەتە روو، جیا لە دیاریكردنی چەند كەسایەتییەك بۆ بۆ پێكهێنانی، بەڵام هیچیان جێگیر نەكراون، ئاماژە دەكات كە زیاترین شت كە بەربەستە بۆ پێكهێنانی حكوومەت جۆر و میكانیزمی كۆتاهاتنی ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە و ئەگەری روودانی شەڕە لە نێوان تاران و واشنتن.
سەرچاوەكە دووپاتی كردەوە كە هێزە سیاسییەكان، بەتایبەتی شیعە، درك بەو رۆڵە دەكەن كە هەریەك لە واشنتن و تاران لە پێكهێنانی حكوومەتی عێراق دەیگێڕن، بۆیە وای دەبینن كە ئەو ئاڵۆزییەی لە نێوان ئەواندا هەیە یارمەتی پێكهێنانی نادات، جیاوازی هەڵوێستی ئەوان لە كاندیدكردنی نوروی مالیكی بووە هۆی بەربەستكردنی پێشوەچوونی كارەكان.
سەرچاوەكە پێشبینیی كرد بابەتی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بۆ قۆناغی دوای یەكلابوونەوەی ململانێی واشنتن و ئێران دوا بكەوێت، ئەوكات پێشبینی هەیە گۆرانێكی گەورە لە میكانیزم و شێوەی پێكهێنانی حكوومەتەكە رووبدات بە ئاراستەی بەرژەوەندییەكانی لایەنێكی ململانێكە.
لەو ناوەدا هەندێك ناوەند و چاودێری ناوخۆیی پێیان وایە رەنگە لە ئەگەری دواكەوتنی پیكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، دەسەڵاتی زیاتر بە حكوومەتی ئێستەی كاربەڕێكەر بدرێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەركەكانی بە شێوەیەكی باشتر لە سایەی ئەو پەككەوتنە حكوومەتییەی هەیە، كە ئەوەش ئاماژەیەكی ترە بۆ ئەگەری دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بۆ چەند مانگێكی تر.
















Leave a Reply