دوای ئەوەی ئەگەری لێدانی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە کەم بووەوە، نرخی نەوت ئەمڕۆ هەینی گۆڕانکاریی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینی و بازاڕ ئارام بووەوە.
تا سەعات 02:23 بە کاتی گرینیچ، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت تەنیا سێ سەنت دابەزی و گەیشتە 63 دۆلار و 73 سەنت، هاوکات نەوتی خاوی ئەمەریکا چوار سەنت بەرز بووەوە و بە 59 دۆلار و 22 سەنت مامەڵەی پێوە کرا.
بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، بەهۆی هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بوو بۆ بۆردمانکردنی ئێران، بەڵام دوای ئەوەی دوێنێ ترەمپ ڕای گەیاند سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن تارانەوە کەم بووەتەوە، ترسی بازاڕەکان لەبارەی کردەی سەربازی و پچڕانی هەناردەی نەوت ڕەوییەوە.
جگە لە هێوربوونەوەی دۆخی سیاسی، هۆکارێکی تری دابەزینی نرخەکان بۆ ڕاپۆرتی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە، کە ئاشکرای کرد کۆگاکانی نەوتی خاو و بەنزینی ئەمەریکا زۆر زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا زیادیان کردووە.
















Leave a Reply