ئێران بە نیازی چییە بۆ عێراق؟

بینەر: (1.7K)

لە دوای گۆڕانكارییەكان لە هاوسەنگیی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كە دوای هێرشەكەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ كۆشكی سپی دەستی پێ كرد، گۆڕانكاری لە هێز و كاریگەری و هەژموونی هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران لە عێراق رووی دا، بە شێوەیەك كاری كردووەتە سەر عێراقی دوای هەڵبژاردن، شارەزایان باسی هەڵوێستی ئێران لە سایەی گۆڕانكارییەكان لە عێراق دەكەن.

بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق كە لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو هاتە سازكردن و دوێنێ دادگای فیدراڵی ئەنجامەكانی پەسند كرد، نزیكەی 100 پەرلەمانتاری ئێستە سەر بە هێزە زۆر نزیكەكانن لە ئێران، ئەوەش بوار بۆ تاران دەرخسێنێت كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر پەرلەمان و پۆست و بڕیارەكانی هەبێت، كەچی بەرپرسانی باڵای ئێران وەك ساڵانی رابردوو سەردانی بەغدا ناكەن بۆ باسكردنی پێكهێنانی حكوومەت، وەك فەرماندەی فەیلەقی قودس و هیتر، ئەوەش هۆكاری خۆی هەیە.

عەلی حەبیب پێی وایە ئەوەی روو دەدات سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران، سزا و گوشارە ئابوورییەكانی ئەمەریكا و گورزە سەربازییەكانی دوایی ئیسرائیل، هەموو ئەوانە توانای تارانیان لاواز كرد و ئەویش دەستی لە پاڵپشتیكردنی میلیشیاكانی لە ناوچەكە سووك كرد، بەڵام ئەوە مانای كۆتاهاتنی دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەكە نییە، بەڵكو بۆ كەمكردنەوەی زیانەكان پاراستنی بەرژەوەندییەكانی لە عێراق چووەتە قۆناغێكی ترەوە دوور لە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا.

لای خۆیەوە محەمەد تەمیمی شرۆڤەكاری سیاسی ئاماژە دەكات، بۆ ئەو قۆناغە ئێران بەرانبەر بە بەرژەوەندییەكانی لە عێراق نیگەران نییە، ئەوەش بەهۆی بوونی حزب و میلیشیاكانیەتی كە تا ئێستە لەناو پرۆسەی سیاسی لە عێراق لەسەر ئەو حسێبن، تاران نایەوێ هیچ كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق دیار بێت، لەبەردەم واشنتن یان رای گشتیی عێراقی، لەوكاتەی پێی باشە ئەو كاریگەرییە شاراوە و لە دواوە بێت لە رێگەی ئامرازە سیاسی و پەرلەمانییەكان.

روونی كردەوە، ئامانجی ئێران بۆ ئەو قۆناغە بریتییە لە مسۆگەریی گەیشتنی سەرۆك وەزیرانێك بۆ دەسەڵات لە عێراق كە هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی نەكات، دۆسیەی رووبەوڕووبوونەوە لەگەڵ حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی هەڵنەداتەوە، بێ ئەوەی هەوڵ بدات كەسێك بە ئاشكرا لەسەر خۆی حسێب بێت لە پۆستەكە دابنێت وەك جارانی پێشوو.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *