ئەمەریكا سیستمی بەرگری لە هەرێمی كوردستان دادەنێت؟

بینەر: (1.3K)

گۆڤاری فۆربسی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات هێرشەبەردەوامەكانی سەر كۆرمۆر ئەمەریكا ناچار دەكات سیستمی بەرگری بداتە هەرێمی كوردستان، ئەوە لەكاتێكدایە سەرۆكوەزیران مەسروور بارزانی چەندانجار داوای پاراستنی هەرێمی لە پەلاماری مووشەكی و درۆنی كردووە.

هێرشەكەی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر پێویستی بەپەلەی هەرێمی كوردستانی بۆ سیستمی بەرگری ئاسمانی دووپاتكردەوە، بەپێی راپۆرتێكی گۆڤاری فۆربیسی ئەمەریكی هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن كە ئەمەریكا ناچار بێت سیستمی بەرگری لەهەرێمی كوردستان دابنێت.

گۆڤارەكە باسی لەوە كردووە ئەمەریكا بیر لەوە دەكاتەوە لەجیاتی سیستمی پاریۆت سیستمێكی مەودا كورتی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان دابنێت، چونكە حكوومەتی عێراق توانای نییە ژێرخانی ئابووری هەرێم بپارێزێت.

شەوی 26ـی مانگ، چوارشەمی هەفتەی ڕابردوو سەعات 11:30 خولەك، بە مووشەك هێرشكرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، بەهۆیەوە 525 ملیۆن پێ سێجا غازی ڕۆژانە وەستا و بەرهەمهێنانی سێ هەزار مێگاوات كارەبا ڕاگیرا، كۆرمۆر 11 جارە هێرشی دەكرێتە سەر.

مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەكەیەدا كە ئیدانەی هێرشەكەی كرد، داوای لە “هاوبەشە ئەمەریكی و نێودەوڵەتییەكان كرد كەرەستەی بەرگری پێویست بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی دابین بكەن”.

لە سەرەتای ساڵی 2024وە سەرۆك وەزیرانی كوردستان چەندانجار داوای لە ئەمەریكا كرد سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ هەرێم دابین بكات، لەو كاتەشدا كوردستانی عێراق كەوتبووە بەر هێرشی بەردەوامی موشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.

ئەمریكا پێشتر پێشنیاری كردبوو كە سیستمی روبەڕووبونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە بۆ هەرێم دابین بكات. هەروەها سیستەمێكی پاتریۆتی(MIM-104) لە هەولێر جێگیر كردووە بۆ ئەوەی بەرگری لە هێزە سەربازییەكانی بكات، هەرچەندە پێشتریش بەڵێنی داوە كە بەرگری ئاسمانی دیارینەكراو بۆ عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان دابین بكات.

بەپێی میدیا جیهانییەكان عێراق بەڵێنی داوە سیستەمی مووشەكی بەرگری ئاسمانی مەودای مامناوەندی KM-SAM لە كۆریای باشوورەوە ساڵی داهاتوو وەرگرێت، لەهەرێمی كوردستانیش دابنرێت.

لە درێژەی راپۆرتەكەشدا هاتووە هێشتا روون نییە كە ئایا ئەم هێرشە دەبێتە هۆی هەوڵێكی زیاتر بۆ چارەسەركردنی كێشەی نەبوونی بەرگری ئاسمانی لە هەرێمی كوردستان یاخود نا.

هەموو ئەم هێرشانە لە ناوچەكانی عێراقەوە و بە ئەگەرێكی زۆرەوە لەلایەن گروپەكانی سەر بە ئێرانەوە سەرچاوەیان گرتووە و هەڵكەوتە و شوێنی جوگرافی كۆرمۆر وا دەكات بە شێوەیەكی بەرچاو لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا زیانی بەربكەوێت.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *