چۆن كۆنترۆڵی بیركردنەوە بكەین؟

بینەر: (273)

ماسیو ئەی كیلینگسۆرس و دانیال تی گیلبێرت دوو توێژەری زانكۆی هارڤارد، لە دوای توێژینەوەیەكیان لە 2010 بۆیان دەركەوت كە خەڵك لە بری ئەوەی ئێستە لە ژیانیاندا دەگوزەرێت، نزیكەی نیوەی كاتی بەئاگابوونیان بە بیركردنەوە لە شتی تر بەسەر دەبەن.

شارەزایان بە “سی ئێن ئێن”یان ڕاگەیاند، بە ئەنجامدانی ڕاهێنانی هۆشیاری، دەتوانی توانای خۆت بۆ سەرنجدان لەسەر ئەو كارەی لەو كاتەدا دەیكەیت بەهێز بكەیت، ئەمیشی جا پرۆفیسۆری دەروونی و نووسەری كتێبێك بە ناوی “لووتكەی ئەقڵ سەرنجت بدۆزەوە، خاوەنی ئاگای خۆت بە تەنیا ڕۆژانە 12 خولەك تەرخان بكە”، كە هێشتا بڵاو نەكراوەتەوە گوتی، هۆشیاری مانای ئەوەیە ئاگەدار بیت لەو كاتەدا چی دەگوزەرێت، بێ ئەوەی چیڕۆكێك دەربارەی دروست بكەیت یان لێكدانەوەی بۆ بكەیت و كاردانەوەت هەبێت.

زیاتر گوتی، ڕاهێنانێك كە دابنیشیت و تێبینی هەناسەدانت بكەیت، بۆ سەرنجدان بەسوود دەبێت، وەك چۆن ڕاهێنانی بەرگری سوودبەخشە بۆ بەهێزبوونی ماسولكەكانی جەستە، سەرنجت بخە سەر هەناسەدانت، بەڵام ئامانجەكە ئەوە نییە چۆن هەناسە دەدەیت، لەكاتێكدا مێشكت خەیاڵی دەڕوات چاودێریی هەناسەدانت بكە، بۆ ئەوەی ڕێنوێنی مێشكت بكەیت كە سەرنجی بێتەوە سەر هەناسەدانت.

بۆ زۆر كەس مانەوە بە جێگیری كە پێوەندی بە هۆشیارییەوە هەیە، دەكرێت سەخت بێت، بەڵام خۆشبەختانە پێویست ناكات بۆ ئەنجامدانی ئەم ڕاهێنانە دەروونییانە دابنیشیت و چاوەكانت دابخەیت، چەندین ڕێگەی جۆراوجۆر هەیە.

ئەگەر حەز ناكەیت بە جێگیری دابنیشیت، شارەزایان پێشنیازی ئەوە دەكەن لە كاتی پیاسەكردن ڕاهێنان بكەیت، بەڵام پیاسەیەك نا كە بێڵیت مێشكت خەیاڵ بكات، لە بری ئەوە سەرنج دەدەیتە سەر ڕۆیشتنەكە، تێبینی دەكەیت سەرەتا سەری پەنجەكانت دادەنێیتە سەر زەوی و پاشان بنی پێت و دواتر پێت هەڵدەگریت.

ئەگەر مێشكت دەستی بە بیركردنەوە لە شتێكی تر كرد لە بری هەناسەدانەكە لە ڕاهێنانی جێگیردا، سەرنجت دەخەیتەوە سەر ڕۆیشتنەكەت.

دایانا وینستن نووسەری كتێبی “كتێبێكی بچووك دەربارەی بوون” گوتی، پێویست ناكات ڕاهینانێكی فەرمی بۆ هۆشیاری بكەیت، ئەمە ڕاهێنانی چۆنییەتی سەرنجە و دەتوانیت لە كاتی ئەنجامدانی هەر شتێكی تر بیكەیت، لە بری ئەوەی لە نیگەرانییەكانت ون ببیت و بیر لە هەموو شتێك بكەیتەوە.

مەلیكە چۆپرا نووسەری دوو كتێبی منداڵانی “جەستەم پەلكە زێڕینەیە” و” تەنیا خۆت بە” دەڵێت، ئەو ڕاهێنانانە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە و هەر كەسێك یەكێك لە شێوازەكان لەگەڵی دەگونجێت و بە پێی كات و تەمەنیش گۆڕانكاری بەسەردا دێت، خەڵك پێی وایە ڕاهێنانی سەرنج بابەتێكی رژدە، بەڵام ئامانجەكە ئەوەیە بتوانیت چێژی لێ ببینیت.

و: ئەوین مەحموود

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *