نرخی هێلكە لە كێڵگەكان دابەزیوە و لە بازار گران بووە

بینەر: (1.5K)

نرخی هێلكە لە كێڵگەكان دابەزیوە، بەڵام لە بازاڕەكاندا نرخی تەبەقێك گەیشتووەتە نزیكەی حەوت هەزار دینار. بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵیش دەڵێت: هەندێك شوێن قۆڕخكاری دەكەن.

بەهۆی لابردنی گومرگ لەسەر هاوردەكردنی مریشك و هێلكە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، لە كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە پێش بڕیارەكەی حكوومەت نرخەكە دابەزیوە، بەڵام ئەمڕۆ لە ماركێتەكاندا تەبەقێك هێلكە لەنێوان 6000 بۆ 7500 دینارە.

لەمبارەیەوە فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان، ڕای گەیاندووە: كارتۆنێك هێلكە پێش بڕیارەكەی حكوومەتی عێراق گەیشتە زیاتر لە 75 هەزار دینار، كە 12 تەبەقی تێدایە و تەبەقی بە كۆ شەش هەزار و 750 دینار بوو، بەڵام ئەمڕۆ كارتۆنێك بە 57 هەزار دینارە بە كۆ، كە تەبەقی دەبێتە چوار هەزار و 750 دینار دەكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی نرخی كۆ، ئەمڕۆ دەبێت لە ماركێتەكان تەبەقێك هێلكە پێنج هەزار و 250 دینار زیاتر نەبێت.

لەبارەی هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخ لە ماركێتەكاندا گوتی: هەندێك شوێن دۆخەكە وەك دەرفەتێك دەقۆزنەوە بۆ زیادكردنی نرخ، هەندێك كاتیش خواست لەلایەن خەڵكەوە بە ناپێویست زیاد دەبێت و دەبێتە هۆكاری كەمبوونەوەی بەرهەم بۆ ماوەیەكی كورت نرخ بەرز دەبێتەوە، هەندێك ماركێتیش هێلكەی كۆنیان ماوە كە بە نرخی بەرز كڕیویانە و بەو نرخە دەیفرۆشنەوە.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *