وەزارەتی بازرگانیی عێراق، دەستپێكردنی پرۆسەی فرۆشتنی ڕاستەوخۆی كەلوپەلی بیناسازی بە هاووڵاتییان بە هەردوو شێوازی كاش و قست ڕاگەیاند.
ئاریج حەسەن جومەیلی بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی بازرگانی بە كەلوپەلی بیناسازی، لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەم هەنگاوە لە جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكانی حكوومەتدا ئەنجام دراوە و سەرجەم كەلوپەلە بەردەستەكانی بیناسازی، تەندروستی و كارەبایی لەخۆ دەگرێت.
لەبارەی شێوازی كاركردن و دابینكردنی كەلوپەلەكان، كۆمپانیاكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ كەرتی تایبەت و لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوكاریی بیناسازیدا، پۆڵا، چیمەنتۆ، خشت و كەلوپەلی جۆراوجۆر بە نرخێكی كێبەركێ لە بازاڕدا دابین دەكات، هەروەها قیستەكان لە ڕێگەی سیستمی (كی كار)ەوە ئەنجام دەدرێن و ماوەی پارەدانەكەش بۆ ماوەی دوو ساڵ دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیاكە دووپاتی لەوە كردەوە، ئەم هەنگاوە بۆ بەرزكردنەوەی توانای كڕینی هاووڵاتییان و ڕێگریكردنە لە بارگرانییەكانی هەڵاوسان و ناجێگیریی نرخی ئاڵوگۆڕ.
پێشتریش وەزیری بازرگانی ئاراستەی كارئاسانی بۆ فرۆشتنی كەلوپەلەكان بە قستی ئاسان و بێ سوود، لە ناوەندەكانی بەغدا و پارێزگاكاندا كردبوو.
















Leave a Reply