بەغدا و ئەنكەرە خەریكن لەسەر دامەزراندنی سندووقێكی هاوبەش بۆ پارەداركردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ڕێكبكەون، بەگوێرەی ڕێككەوتنەكەیش كۆمپانیاكانی توركیا ڕێگەی گەشەپێدان دروست دەكەن و لە بەرانبەر ئەوەیشدا بەغدا نەوت بە توركیا دەدات. لەو ڕێگەیەشەوە بەندەری فاو بە سنووری توركیا و لەوێشەوە بە ئەوروپا دەبەسترێتەوە.
فازڵ عەباس بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەكان لە كۆمپانیای گشتیی هێڵی شەمەندەفەری عێراق گوتی، پڕۆژەكە لە قۆناغی دووبارە دیزانكردنەوەدایە، ئامانجی سەرەكیی گواستنەوەی كەلوپەلە لە بەندەری فاو بۆ توركیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و بە پێچەوانەوەیش، هەروەها لە تەك پڕۆژەكەیش هێڵی ئاسنین لە نێوان پارێزگاكان دروست دەكرێ و خزمەتگوزاری گواستنەوەی گەشتیاران و كەلوپەل زۆر خێراتر دەكرێت.
بەكر ئەتاجان شرۆڤەكار لە ناوەندی هزر بۆ توێژینەوە لە ئیستانبوڵ، بۆ “عەرەبی جەدید” گوتی، میكانیزمی نەوت بەرانبەر بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، لەبری پارە نەوت دەبەخشرێت و ڕاستەوخۆ وڵاتی ئەنجامدەری پڕۆژەكە، نەوتەكە دەفرۆشێت و دەیكات بە پارە، یان بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەكاری دەهێنێت.
زیاتر گوتی، میكانیزمێكی تر ئەوەیە كە هەژمارێكی تایبەت بەو پرۆسەیە لە بانكێك دەكرێتەوە، داهاتی نەوت دەخرێتە ناو ئەو هەژمارەوە و وڵاتی جێبەجێكاری پڕۆژەكە، پارەی كۆمپانیاكانی جێبەجێكردن و تێچووی جێبەجێكردنی ڕێگەی گەشەپێدانی لێ خەرج دەكات.
















Leave a Reply