ملیاردێرێكی ئەمەریكی و هاوبەشی دامەزراوەی مایكرۆسۆفت، هۆشداریی دا لەوەی ئەگەری زۆر هەیە لە داهاتوودا ژیریی دەستكرد، ببێتە هۆی مردنی زیاتر لە ملیارێك كەس لە دنیادا، بۆیە لە ئێستە ئەو ئەگەرە چاوەڕوانكراوە و وریایی پێ دەوێت.
پێگەی “شەفەق نیوز” رۆشنایی خستووەتە سەر دیمانەیەكی كەناڵی “ئێن بی سی” كە دوێنێ لەگەڵ بێڵ گیتس ملیاردێری ئەمەریكی و هاوبەشی دامەزراوەی مایكرۆسۆفت سازی كردووە، لەوێدا گیتس بەڕوونی هۆشداریی داوە، ئەگەری زۆر هەیە لە داهاتوودا ژیریی دەستكرد، ببێتە هۆی مردنی زیاتر لە ملیارێك كەس لە دنیادا، بۆیە لە ئێستە ئەو ئەگەرە چاوەڕوانكراوە و وریایی پێ دەوێت.
لەبارەی ئەوەی زۆر دەگوترێ ژیریی دەستكرد ئەوەندە بەهێزە كە لە توانایدایە مرۆڤ بە تەواوی لەناو ببات، گیتس روونی كردووەتەوە، بێگومان ژیریی دەستكرد زۆر بەهێزە، بەجۆرێك لە توانایدایە جووڵە بە رووداوەكان بكات، بۆیە ئەو ئەگەرە لە ئارادایە كە ملیارێك كەس بەهۆیەوە لەناو بچن. چونكە مێژوو هیچ كاتێك چەكێكی لەو شێوە بەهێزەی نەبووە كە ئەوانەی مەبەستی خراپیان هەبێت، بتوانن جووڵە بە رووداوەكان بكەن و ئەویش لە رێگەی ژیریی دەستكردەوەیە.
لەبارەی ئەوەی ئایا خۆی پێی وایە لە رێگەی یاسای پێویست بۆ رێكخستنی ژیریی دەستكرد كۆنترۆڵ بكرێت؟ گیتس گوتی، پێم وا نییە هیچ كەسێك هەبێت توانای ئەو رێكخستنەی هەبێت. ئەوە پێویستیی بە چەند لایەن و كەسایەتییەكی سیاسی هەیە كە بتوانن ئەو یاسایە جێبەجێ بكەن، وەك چۆن بتوانن رێوشوێن و چاودێریی سنووردار بكەن.
ئەو هۆشدارییە بێل گیتس لە دوای ئەوەوە هات كە چوارشەمی رابردوو داوا لە سەرۆكانی كۆمپانیاكانی گەورەی تایبەت بە ژیریی دەستكرد لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرا، دیسپلین بۆ ئەو تەكنەلۆجیایە دابنرێت كە هەوڵی گەشەپێكردنی ژیریی دەستكرد دەدەن، لە پێناو ئەوەی مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە خراپیی بەكارهێنانی ژیریی دەستكرد بپارێزن.
سێشەمی رابردوو ئەنتۆنیۆ گۆتیریس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، هۆشداریی لە رۆبۆتە بكوژەكان دا، لە كاتێكدا پسپۆران و سەركردەكانی ئەوروپا پێیان وابوو زێدەڕۆیی لەو هۆشدارییە هەیە، بەڵام واقیعیش پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنێت كە بەهۆی ژیریی دەستكردەوە، مەترسیی بەڕێوەیە ئەگەر كۆنترۆڵ نەكرێت.
















Leave a Reply