زەیدی: كۆنترۆڵكردنی چەك مەرجی سەرەكیی بنیاتنانی دەوڵەتێكی یەكگرتووە

بینەر: (4)

ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە فڕەنسا بوو و چاوی بە سەرۆكی ئەو وڵاتە كەوت، بڕیارە دوای فڕەنسا سەردانی ئەڵمانیاش بكات، ئەو لە وتارێكی بڵاوكراوە لە رۆژنامەی “لو فیگارۆ”ی فڕەنسایی دووپاتی كردەوە كە كۆنترۆڵكردنی چەك مەرجی سەرەكیی بنیاتنانی دەوڵەتێكی یەكگرتووە.

زەیدی لە وتارەكەی ئاماژە بۆ پێوەندییەكانی عێراق و فڕەنسا كرد كە لەسەر وابەندییەكی مێژوویی و هاوبەشییەكی راستەقینەی ستراتیجی لە بوارەكانی ئابووری و و وزە و پیشەسازی و كولتووری بنیات نراوە، باسی ئەوەی كرد كە دیداریان لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن هەلێكە بۆ ناساندنەوەی پێوەندییەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، دووپاتی كردەوە كە دەیانەوێ وەرزێكی نوێی پێوەندییەكان دەست پێ بكەن عێراق ببێتە هاوبەشێكی كارا نەك دەوڵەتێك بە دوای داواكاری و چەترێكی سیاسی بگەڕێت.

زەیدی گوتی، سەردانەكەمان بۆ فڕەنسا و ئەڵمانیا لەو ساتەوەختەی ناوچەكە گرنگە، ئەمڕۆ وڵاتەكەمان بەهێزتر و سەقامگیرترە و خاوەن سەروەرییە، واتە هاوبەشێكی بەهێزترە بۆ فڕەنسا و ئەوروپا و بەشدارە لە سەقامگیریی ناوچەكە و گەشەسەندنی، رێگە نادەین خاكی عێراق ببێتە بنكەیەك بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دراوسێ و گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكی و ململانێی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *