تاکەی تاکەی ئێمە وا کۆیلە بین؟

بینەر: (4)

لە ماوەی ڕابردوودا و لە دەمی ڕاگەیاندنی تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی شەرع، واتە بەر لەوەی تەنانەت هەواڵی بە ڕاوێژکاریبوونی مەزڵووم عەبدی لە سەرۆكایەتیی سوریا بڵاو ببێتەوە، زۆر کەس، سەربەخۆ و لایەندار، هاواریان کرد وتیان ئێوە تێناگەن، ئەمە تاکتیکە. نووسەران و پرۆفیسۆر و خاوەن ئەزموون وتیان، ئەمە ڕادەستبوونە تەنانەت مورشید خەزنەوی بە شێوەیەکی هێمایی نوێنەریی ئاینی بەڕێوەبەریی خۆسەر بوو، ڕەدی وەفا و سۆزداری نەتەوەیی و نیشتمانیی بەرپرسانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد، بەڵام هەڤاڵانی ئایدۆلۆجیستی ئینتگراسیۆن، هاتن وتیان ئێوە لە قووڵایی ئەم بڕیارە ژیرانە و ئایندەسازە تێناگەن. دەڵێین تکایە بەڵگەیەکمان بۆ بهێننەوە با تێبگەین، دەڵێن: ئێوە تێناگەن.

ڕستەی ئێوە تێناگەن، بەڵگەی سەرووعەقڵ و تێگەیشتنی مرۆڤە، واتە تەنیا خواکان یان بوونەوەرە فەزاییەکان لێی تێدەگەن. لە شوێنێدا جەماعەتی برایەتیی گەلان ئەوەیان بڵاو کردبووەوە کە ئۆجەلان وتوویەتی لەم نەخشەڕێیەی من 100 ساڵی تر تێدەگەن. کەسێکش بە تەنزەوە لە کۆمێنت نووسیبووی: ئەو ڕۆژە ماسییەکی دەریای ئیجەم بینی دەیگوت: بژی سەرۆک ئاپۆ! ڕاستییەکەی وەڵامی ئەو لۆجیکە هەر بەو لۆجیکە تەنزاوییە دەدرێتەوە.

ڕووداوەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە تایبەتی و ناوچەکە بە گشتی، بە خێراییەکی کەم وێنە ڕوو دەدەن، دوای ئەم مشتومڕ و بگرە و بەردەیە، ڕۆژێکی بە بەرەوە نەبوو، هێزی شەرع بە چەک و هێز و سوپاوە هاتنە ناو حەسەکە و دیسان هەڤاڵان بۆ چەواشەکردنی خەڵک و فریودانی ڕای گشتی و دنەدانی جۆشی کوردانە، چوونەتە سەر قەڵایەک لەو شارە و ئاڵای کوردستانیان هەڵکردووە. بۆ ئەم کردەوە کڵێشەییە پێویستە مێژووی ئەو تەڤگەرە لێک بدەینەوە. تێگەیشتنی مارکسی-لینینی و بگرە ستالینی، لە واقیعی ئاڵۆز و بەردەوام لە گۆڕاندابوو، وایکردووە ئەم هێزە لەناو مێژوویەکی نۆستالۆجی و خەونزەدەدا قەتیس بمێنێتەوە و ئایدۆلۆجیستەکانی وەک قەلی سەربڕاو بقیژێنن و هاوار بکەن کە جگە لە بەندکراوەکەی ئیمرالی و ئێمەمانان، کەس لە هیچ شتێکی ئەم پرۆسەیە تێ ناگات.

ئەوەی یەک کتێبی لەسەر مارکسیزم و ڕەوتە جیاوازەکانی خوێندبێتەوە، دەزانێت لە ڕووی پێکهاتەییەوە مارکس قایل بە هەبوونی دوو بنەمای سەرخان و ژێرخانە. بە زۆری ژێرخان هێزەکانی بەرهەمهێنان و کار و ئابوورییە و سەرخانیش لە پلەی دووەم دێت، زمان، کولتوور، ئاین و… من نامەوێت بڵێم ئەو گوتارەی ئەم هێزە پێڕەویی دەکات گۆڕانکاریی بەخۆوە نەدیوە، بەڵام لە هەر حاڵەتێكدا ڕوانینی بۆ کولتوور و زمان و کیانی فەرهەنگیی کوردی، ڕوانینێکی سەرخانانە و ئامرازیی بووە.

لە بیرمە لە کاتی ڕیفراندۆمی كوردستان و دواتر 16ی ئۆکتۆبەردا، کە هێز بۆ سەربازگەی “Kوەن” جووڵێنرا و خرۆش و خواستێکی کۆمەڵایەتیی لە هەموو پارچەکانی کوردستان دروست بوو، زرێپۆشێک و چەند ئۆتۆمبێلێك گوایە لەلایەن قەندیل و ڕۆژئاواوە بەرەو کەرکووک کەوتوونەتە ڕی بۆ بەرگریی لە بە وتەی خۆیان ئاخی کوردستان و گرتەیەکی ڤیدیۆیی خرۆشێنەریان بە ئاڵایەکی کوردستانەوە بڵاو کردەوە و دروشمی کوردایەتییان لێ دەدا. پاشان کە تەپوتۆزی ڕووداو و کێشەکان کەمێک ڕەوینەوە، ئێمە جیا لەوەی بۆمان دەرکەوت ئەو هێزە هیچ کارێکی بۆ پارێزگاریی لە ئاخی کوردستان نەکردووە، بەڵکوو خۆی بەرلەوەی 16ی ئۆکتۆبەر ڕوو بدات، یەکێک بووە لە بانگهێشتکراوانی دانیشتنی دژایەتیکردنی ڕیفراندۆم و نوێنەری ناردووە، بۆیە ئەو وێنە فریودەرانەیەی قەڵای حەسەکە هەر هەمان کردەوەیە و لە قۆناغێکی دیکەی شکست و فریوداندا دەیدۆڕێنن.

لە ڕاستیدا ئەگەر بە زمانێکی واقیعیتر قسە بکەین، ئەوان نەیاندۆڕاندووە، چونکە لەمە زیاتریان نەدەویست، بەڵکوو دۆڕاندنیان بەسەر ڕۆژئاوای کوردستاندا سەپاند، بەو تێز و وەهم و ناوزڕاندنە ڕەهایەوە کە تەکفیری دنیای دەکرد، جگە لە ڕێبەر و خەون و خەیاڵەکانی. تەنانەت ئێستە نەک زمانی کوردی تەنیا لە ئاستێکی سنووردار و بچووکدا پێگەی بۆ دانراوە کە ئەوەش ئەزموونی کورد لە سەدەی 20 لەناو مێژوویەک لە ڕەتکردنەوە و سڕینەوەی ناسنامە لەلایەن عەرەب و حکوومەتەکانی دیمەشقەوە، هەر سەرناگرێت، بەڵکوو شەرع بوونی هێزەکانی پاراستنی ژنیش قبووڵ ناکات، ئەدی نازانم ئەمانە بەرگریی لە چی دەکەن؟

ئاخر تۆ نە بڕگەیەکی یاساییت لە بەرژەوەندیی گەلەکەت چەسپاندووە، نە خاکێکت بە دەستەوە ماوە، نە گوتارێکی عەقڵانیت هەیە، نە چەکت بەدەستەوە ما، تا کەی دەتەوێت فریومان بدەیت؟ یانی خەڵکی کورد لەوە تێناگات ئەو هەموو دروشم و هاتوهاوارەی کەسانی وەک دکتۆر نیکۆلا تەنیا بۆ داپۆشینی ئەو شکستە مێژوویی و بێ وێنەیەن؟ تکایە با وریا بین و ئاگادار بین، هێزی میدیای ئایدۆلۆجیستانی ئاپۆچی، دەم و سەعات خەریکی گەوجاندن و بەلاڕێدابردنی ڕای گشتین.

یەکێکی تر لە چەواشەکارییەکانیان ئەوەیە دەڵێن، ئێوە وتووتانە شەڕ خراپە، ئەوەتا ئێمەیش ئاشتی دەکەین بۆ پێتان خراپە؟

ڕاستە ئێمە ئاشتیمان دەوێت، بەڵام دیارە لە پێڕەوی ئێوەدا ئاشتیی لەگەڵ خۆرادەستکردندا جیاوازی نییە؟

ئێستەیش هەر دەتانەوێت بە هەر نرخێک بووە، وەک قەلی ناو قوڕان بقیژێنن و جگە لە خۆتان و ژینگەکەتان هەموو بە گڵاو و ناتێگەیشتوو لە قەڵەم بدەن.

ئەمە مێشکشۆردنەوە و لە کوردخستنە ئێمە تێیدا دەژین، بۆیە دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڵ نەدەین، لاوانی فریودراوی کورد درەنگ یان زوو تێدەگەن ئەم ڕێگەیە جگە لە چۆڵەوانی و گۆڕستان، هیچ ئاراستەیەکی دیکەی نییە و نابێت، تا ئەوکاتە دەبێت بەردەوام بین لە وشیارکردنەوە، ئەگەرچی ئێمە 100 ساڵی دیکە لە پەیامی پێغەمبەرەکەی ئیمرالیی تێبگەین!

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *