مرۆڤ بە سروشتی خۆی بوونەوەرێكی ئەزموونكارە، هەر ئەوەشە جیای دەكاتەوە لە ئاژەڵ، جیاوازیی بنەڕەتی مرۆڤ لەگەڵ ئاژەڵ لەوەدایە كە مرۆڤ تەنیا لە پێناو مانەوەی ساتەوەختدا ناژی، بەڵكو ڕووداوەكان دەكاتە بیرەوەری، لە ڕابردوو دەكۆڵێتەوە و بەسوودوەرگرتن لە شكست و هەڵەكانی داهاتوو بنیات دەنێت .
كەواتە دەپرسین ئەگەر مرۆڤ سیفەتێكی خۆڕسكی لەم جۆرەی هەبێت، ئایا لە قوتابخانەكاندا تاچەند گرنگی دراوە بەم توانایەی؟
لە سیستمی پەروەردەی كوردستاندا فێربوونی كرداری ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە. هەرچەندە هەوڵێكی زۆر دراوە كە بنەمای تاقیكردنەوەكان و چالاكیی جۆراوجۆر بەشێوەی كرداری بێت، بەتایبەت لە هەندێك قوتابخانە كە پرۆگرامیان سەردەمیانەیە، بەڵام ڕاستییەكەی بەهۆی زۆریی ژمارەی قوتابی و كەمیی ئامرازەكانی تاقیگەیی، كەمیی باڵەخانەی خوێندن، (دووپاتكردنەوە لەسەر نمرەی تاقیكردنەوە كە گەورەترین هۆكارە)، وایكردووە دواجار شێوازی فێربوونەكە هەر بەشێوازێكی تیۆری بمێنێتەوە و مامۆستا ناچار دەكات كە زانیارییەكان بەشێوەی تیۆری بگەیەنێتە قوتابی، لەبری ئەوەی قوتابی خۆی ئەزموونی بكات .
گرنگیی توانای ئەزموونكردن ئەوەیە كە تەنیا ئامرازێكی فێربوون نییە و ئیتر كۆتایی پێ بێت، بەڵكو قوتابی دەگەیەنێت بە داهێنان و پێشكەوتنی زۆر. لە دنیای هاوچەرخیشدا فێربوونی ڕاستەقینە لە ڕێگەی لەبەركردنی زانیاریەكانەوە ڕوو نادات، بەڵكو لە ڕێگەی ئەزموون و هەڵەكردن و پاڵاوتنی بیرۆكەكانەوە دێتەدی .
كەواتە چی بكەین بۆ ئەوەی ئەم توانایە لە منداڵدا نەكوژین؟
بێگومان پێویستمان بە هاوئاهەنگی هەیە لە نێوان خێزان و قوتابخانەدا.
كەواتە ئەمە چۆن دەكرێت؟
قوتابخانە نابێت زانیارییەكان بەشێوەی تیۆری بگەیەنێت، بەڵكو پێویستە ژینگەیەكی لەبار بڕەخسێنێ كە وا لە قوتابی بكات تاقیكردنەوە بكات و پرسیار بورووژێنێت، سەلامەت بێت لە هەڵەكردن و ترسی نەبێت لە هەوڵدانی زیاتر، بەو مانایەی پێویستە كولتووری (سەلامەتی هەڵەكردن) پەرە پێ بدات و هەڵە وەك ئامرازێكی فێربوون سەیر بكرێت .
ئەو هەنگاوە كردارییانەی كە پێویستن بۆ گۆڕینی خوێندن لە تیۆرییەوە بۆ ئەزموونكردن، بێ پێویستیی بودجەیەكی زۆر، دەكرێت ئەمانە بەشێك بن :
١- گۆڕینی شێوازی هەڵسەنگاندن لە قوتابخانەكان: بەستنەوەی نمرەی قوتابی بە پڕۆژە كردارییەكان، چالاكی و تاقیكردنەوە كردارییەكان لەبری بەستنەوەی تەواوەتی بە تاقیكردنەوەی نووسراوەوە.
٢- پێڕەوكردنی قوتابیی سەنتەری: گۆڕینی ڕۆڵ لە مامۆستای سەنتەرییەوە بۆ قوتابیی سەنتەری (واتە مامۆستا ڕێپێشاندەر بێت) تا قوتابی لە ڕێگەی كاركردنی بەگرووپ و توێژینەوەوە، وەڵامی پرسیارەكان بدۆزێتەوە.
٣- بەكارهێنانی كەرەستەی بێ كولفەت: ئامادەكردنی تاقیكردنەوەی زانستی بە كەرەستەی سادەی دەوروبەر، تا نەبوونی تاقیگەی گرانبەها، نەبێتە ڕێگر لە بەردەم فێربوونی كرداری .
٤- بەستنەوەی وانەكان بە ژیانی ڕاستەقینەوە: ئەنجامدانی گەشتی مەیدانیی كورت و هێنانی نموونەی زیندووی ناو كۆمەڵگە و سروشت بۆ ناو پۆل.
٥- ڕەخساندنی ژینگەی سەلامەت بۆ هەڵەكردن: وەك لە سەرەوە ئاماژەم پێداوە، ناساندنی هەڵە وەك هەنگاوێكی پێویست بەرەو دۆزینەوە، تا ترسی قوتابی لە تاقیكردنەوەی شتی نوێ بشكێت.
لەبارەی خێزانیش لە ماڵەوەدا گەورەترین شتێك بۆ منداڵ بیكات، بریتییە لە ڕێگەپێدانی منداڵ بە ئەزموونكردنی شتەكان، پێویستە دایك و باوك لەو ڕۆڵە دەربچن بەردەوام پاسەوانی منداڵەكانیان بن، بەڵكو دەبێت (ڕێپێشاندەر) بن، تا منداڵ لە ڕێگەی كێشە بچووكەكانی ڕۆژانە كە تووشیان دەبێت، فێری چارەسەركردن و بڕیاردان بێت.
لە كۆتاییدا دەڵێم هەر كۆمەڵگەیەك ڕێگە بە ئەزموونكردن نەدات، نەوەیەكی ڕاڕا و دەست و پێ سپی پەروەردە دەكات . بۆیە كاتی ئەوە هاتووە سیستمی پەروەردەمان لە تیۆریبوونەوە بگۆڕین بۆ ئەزموونكردنی زانیارییەكان، چونكە تەنیا نەوەكانمانن دەتوانن داهاتوو بگۆڕن .












Leave a Reply