وەزیری وزەی ئەمەریکا: لە جەنگی گەرووی هورمزدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنین

بینەر: (619)

ئەمڕۆ یەکشەم شەشی ئەیلوولی 2026، کریس ڕایت وەزیری وزەی ئەمەریکا ڕای گەیاند کە هێزە دەریاییەکانیان لە گەرووی هورمز سەرکەوتن بەدەست دەهێنن و پارێزگاری لە تێپەڕبوونی ڕۆژانەی نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت دەکەن، هاوکات دووپاتی کردەوە کە ئامانجیان تەنیا لەناوبردنی تواناکانی ئێرانە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ نەگاتە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران.

لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (ABC)، وەزیری وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا کە ڕۆژانە زیاتر لە نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بە گەرووی هورمزدا دەگوازرێتەوە، کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە دەریاییەکان بۆ گواستنەوەی وزە لە جیهاندا. دووپاتیشی کردەوە کە هێزی دەریاییی ئەمەریکا لە جەنگی گەرووی هورمزدا براوەیە و کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی کردووە.

سەبارەت بە پرسی ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ڕایت پێی وایە کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ڕەنگە نەگاتە هیچ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ ڕژێمی ئێران، و پێدەچێت ئەو پرسە بۆ ئیدارەی داهاتوو بمێنێتەوە. ڕوونی کردەوە، لەوانەیە هیچ ڕێککەوتنێک نەبێت، بەڵکوو بابەتەکە تەنیا لەناوبردنی تواناکانیان بێت بۆ دروستکردنی ئەو چەکە، هێزەکانی ئەمەریکاش بەردەوامن لە لاوازکردنی توانای ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *