لەوەتەی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران لە دوای دەست پێكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل و ئەمەریكا بۆ سەر ئەو ولاتە لە 28ی شوباتی ر ابردوو هاتە داخستن، هەناردنی نەوتی عێراق كێشەی تێ كەوتووە و ئەوەش كاری كردووەتە سەر توانای دابینكردنی مووچە، راوێژكارێكی دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژە دەكات كە عێراق گەیشتووەتە قۆناغی هەڵكردن لەگەڵ تەنگژەی داخرانی گەرووی هورمز.
مەزهەر محەمەد ساڵح رای گەیاند، حكوومەتی ئێستەی عێراق لە ناو تەنگژەیەكی گەورەی ناوخۆیی و دەرەكییەوە دەسەڵاتی گرتە دەست، بەهۆی لێكەوتەكانی شەڕی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز و دۆخی جیۆسیاسی لە گەرووەكە، بەڵام ئێستە عێراق لە قۆناغی بەرپەرچدانەوەی تەنگژەكەوە بۆ هەڵكردن و خۆگونجان لەگەڵی گۆڕاوە.
روونی كردەوە، بابەتی راكێشانی بۆری و دۆزینەوەی شوێنگرەوەی هەناردنی نەوت، بەشێكە لە پلان و بیركردنەوەی دەوڵەت بۆ گۆڕینی سیاسەتی نەوت و بەبازاڕكردنی بەرەو رووگەی تر دوور لەو ململانێ جیۆسیاسییەی هەیە، بۆیە لە حاڵەتی بەردەوامبوونی تەنگژەكە لە گەرووی هورمز، عێراق نەوتەكەی لە رێگەی دەروازە و وڵاتانی تری دراوسێ هەناردە دەكات.
ساڵح ئاماژەی كرد، عێراق هەوڵ دەدات بۆ گەیشتنەوە بە هەناردەكردنی رۆژانەی 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بە هاوشێوەی پێشوو، كە 80 بۆ 85%ی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە هەناردە دەكرا، ئێستە بەشێكی باشی لە رێگەی دەروازەكانی ترەوە هەناردە دەكرێت.
















Leave a Reply