عێراق یەكێكە لە وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە رێكخراوی ئۆپێك، خاوەن یەدەگ و بەرهەمێكی زۆری نەوتە، كەچی ئەو پشكەی لە رێكخراوەكە بۆی دیاری كراوە، لەگەڵ پێویستی و توانای بەرهەمهێنان و یەدەگەكەی ناگونجێت، جیا لەوە خواستی ئەوەیە لە ماوەی ساڵانی داهاتوو بەرهەمهێنان لە 3.4 ملیۆن بەرمیلەوە بگەیەنێتە حەوت ملیۆن بەرمیل، بەڵام دەتوانێت بێ هیچ كێشەیەك لە رێكخراوەكە بچێتە دەرەوە؟
لەوكاتەی لە عێراق چەند دۆسیەیەك لە بورای نەوت تاوتوێ دەكرێت، لەوانە كۆنترۆڵكردنی قاچاغی نەوت و زیادكردنی بەرهەمهێنان و چوونەدەرەوە لە ئۆپێك، بە مەبەستی پاراستنی داهات و گەیشتن بە سەقامگیریی دارایی، ئەحمەد سەدام شارەزا لە بواری ئابووری ئاماژە دەكات، قاچاغی نەوت بە چەند شێوەیەك هەیە، لەوانە قاچاغی نەوتی رەش و تۆڕەكانی قاچاغی نەوتی ئێران و فرۆشتنی بە بەڵگەنامەی عێراقی.
روونی كردەوە، بەپێی خەمڵاندنەكان مانگانە 500 بۆ 750 هەزار تۆن نەوتی رەش بەقاچاغ دەفرۆشرێت، ساڵانە بە بەهای 300 ملیۆن دینار نەوتی ئێران بە بەڵگەنامەی عێراقی دەفرۆشرێت، بەپێی هەندێك راپۆرتی تر ژمارەكە دەگاتە ملیارێك دۆلاری ساڵانە، سەبارەت بە ئەگەری دەرچوونی عێراق لە رێكخراوی ئۆپێك بە مەبەستی زیادكردنی بەرهەمهێنان گوتی، رەنگە ئەو هەنگاوە لە بەرژەوەندیی عێراق نەبێت، ئەوەش بەهۆی پشتبەستنی بە نەوت وەك سەرچاوەی سەرەكیی داهات، چونكە زیادكردنی بەرهەمهێنان تا ئاستی ملیۆنێك بەرمیل بۆ نموونە، دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی نرخی نەوت و ئەوەش خزمەت بە ئابووری عێراق ناكات.
















Leave a Reply