بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا ڕای گەیاند، مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو گەورەترین كۆنفرانسی زانستی شێرپەنجە ئەنجام دەدەین. گوتیشی، سوود لە ژیری دەستكرد بۆ خزمەتگوزاری تووشبووانی شێرپەنجە وەردەگرن.
د. یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، لەبارەی پلانەكانیان بۆ ئەنجامدانی گەورەترین كۆنفرانسی زانستی شێرپەنجە و ئامانجەكانیان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی نوێی خستەڕوو.
ڕای گەیاند، مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو گەورەترین كۆنفرانسی زانستی شێرپەنجە ئەنجام دەدەین، كۆنفرانسەكە بەبەشداری سەرجەم سەنتەرەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەبێت و چەندان پزیشكی شارەزا بەشداریی تێدا دەكەن.
ئاماژەی بەوەش كرد، سوود لە ئەی ئای بۆ خزمەتگوزاریی تووشبووانی شێرپەنجە وەردەگرن، چەندان توێژینەوەی گرنگ بڵاو دەكرێنەوە، لە دوای ئەو كۆنفرانسە شۆڕشێكی نوێ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەو ئاستەی ئێستە بۆ خزمەتی تووشبووان هەیە، زیاتری بكەین.
باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێم بەڵێنی داوە، لە داهاتوویەكی نزیكدا مەمۆگراییەك بۆ نەخۆشخانەكەمان دابین دەكەین، كە ئێستە نەخۆش بۆ ئەو ئامێرە سەردانی نەخۆشخانەی شار دەكات، هەروەها سەنتەرێك بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە ڕاپەڕین دەكرێتەوە.












Leave a Reply