توێژینەوە: ئەوانەی پاڵەپەستۆی خوێنیان بەرزە دەبێ چی بخۆن و لە چیش دوور بكەونەوە؟

بینەر: (509)

پزیشكێكی رووسی كە پسپۆری بواری دڵە، توێژینەوەیەكی لەبارەی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن كردووە و لە رێگەیەوە ئاماژە بە خۆراكانە دەكات كە بۆ ئەوە نەخۆشییە زۆرباشن، هاوكات هۆشداریی بەو خۆراكانەیش دەدات كە بۆ نەخۆشییەكە مەترسیدارن، بۆیە زۆر گرنگە لێیان دوور بكەونەوە.

پێگەی “ئەهرام”ی میسری پشتی بە زانیارییەكانی د. ئیڤان كۆركۆڤ پسپۆری نەخۆشییەكانی دڵ بەستووە كە قسەی بۆ “رووسیای ئەمڕۆ” كردووە و دەڵێت، بەپێی ئەو توێژینەوەیەی خۆی كە بۆ نەخۆشیی بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن كردوویەتی، ئامۆژگاری دەخاتەڕوو كە هەندێك خۆراك بۆ ئەو نەخۆشییە سوودمەندن، هەندێكیش مەترسیدارن كە پێویستە لێیان دوور بكەونەوە، باشترە بایەخ بە خواردنی سەوزە دانەوێڵە و میوە بدرێت لەگەڵ ئەو خۆراكانەی بەكالسیۆم و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم دەوڵەمەندن، جیا لە دووركەوتنەوە لە خوێی و چەوریی زۆر.

لەبارەی ئەو خۆراكانەی بۆ بەرزبوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن باشن، ئاماژە بە گۆشتی ماسی و بەتایبەتی سەلەموون و ماكریل دەكات، هەروەها گۆشتی سپی وەك مریشك و كەروێشك و عەلەشیش، لەگەڵیدا گۆشتی گۆلك و مانگای بێ چەوری، لەگەڵ سەوزە و میوە و دانەوێڵە. هاوكات شیرەمەنی باشن ئەگەر چەورییان كەم بێت. دواتریش لە زەیتەكان ئاماژە بە زەیتی زەیتوون دەكات.

لەبارەی ئەو خۆراكانەی بۆ نەخۆش مەترسیدارن، ئاماژەی بە چای خەست و قاوە كراوە، هەروەها خوێ و ئەو خۆراكانەی كە زۆرترین خوێیان تێدا بەكار هاتووە وەك خۆراكە لە قوتوونراوەكان، چەوریی ئاژەڵ، لەگەڵ دووركەوتنەوە لە شیرەمەنیی پڕچەوری و كێك و هەویركاری و مایۆنیز، هەرچی دەكرێ هەوڵ بدرێ لە هەفتەیەكدا دووجار زیاتر هێلكە نەخورێت.

دواتریش پزیشكە رووسییەكە دووپاتی دەكاتەوە، زۆر گرنگە رۆژانە لە چالاكیی جەستەیی بەردەوام بن، وەك راكردن و سواری پایسكیل، لەگەڵ رۆیشتن بە پێ بە درێژایی سێ تا پێنج كیلۆمەتر لە رۆژێكدا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *