ئەگەرچی رێژەكەی لە ناوچە جیاجیاكانی دنیا جیاوازە و بەپێی هەندێك هۆكار دێتە گۆڕان، توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكات كە دنیا رووبەڕووی گۆڕانكارییەكی گەورەی دیمۆگرافی دەبێتەوە، ئەوەش لە دوای كەمبوونەوەی تێكڕای وەچەخستنەوە بۆ خوار ئاستە پێشبینیكراوەكان.
توێژینەوەكە پێشبینی دەكات ژمارەی دانیشتووانی زەوی لە 2056 بگاتە ترووپك و بگاتە نۆ ملیار كەس، دوای ئەوە دەست بە كەمبوونەوە دەكات، توێژەران پشتیان بە شیكردنەوەی داتاكان لە 236 دەوڵەت بەست لە ساڵانی نێوان 1950 و 2023، بۆیان دەركەوت كە تێكڕای وەچەخستنەوە لە دنیا لە كەمییە، بەڵام ئەو وەچەخستنە كاری لە زیادبوونی ژمارەی مرۆڤەكان نەكردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت تا ساڵانێكی تر ئەو كاریگەرییە بەدیار نەكەوێت.
توێژەران پێیان وایە هۆكاری كەمبوونەوەی وەچەخستنەوە بۆ زیادبوونی خەرجییەكانی نیشتەجێبوون و بیمە و گوشارە ئابوورییەكانی تر دەگەڕێتەوە، لەوانە پەروەردەكردنی منداڵ، بەتایبەتی لە سێیەم منداڵەوە، پێویستی بە كات و پارەی زیاترە بۆ خوێندن و چاودێری و شیاندن، جیا لە هۆكاری تر لەوانە بڕیاری ماڵباتەكان بۆ كەمكردنەوەی وەچەخستنەوە و كاركردنی ژن لە دەرەوە، یەكێك لە لایەنە نەرێنییەكانی ئەو حاڵەتەش كەمبوونەوەی دەستی كاركەر و سستبوونی ئابووری دنیایە بەو هۆیەوە و زیادبوونی بەتەمەنداچووەكان و زیادبوونی خەرجی چاودێریكردنی ئەوانە لەسەر دەوڵەت.












Leave a Reply