دەستەی دەسپاكی: هیچ پەناگەیەكی ئارام بۆ گەندەڵكاران و داهاتی بەدەستهاتوو لە گەندەڵی نییە

بینەر: (587)

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، دەستەی دەسپاكی عێراق لە هەندێك حاڵەتدا، پێویستی بە پشكنینی موڵك و ماڵی ئەو كەسانە دەبێت كە بڕیاری گرتنیان هەیە و لە عێراق چوونەتە دەرەوە، چونكە بەشێك لەوانە موڵك و ماڵیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی ئاب، د. ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەسپاكی هەرێمی كوردستان، بۆ “وشە” گوتی، هاتنی شاندی دەستەی دەسپاكی عێراق لەسەر بانگێشتی ئێمە بوو، چونكە پێشتریش هاوئاهەنگی لە نێوانمان هەبووە و بڕیار بووە یاداشتێكی لێكتێگەیشتن واژوو بكەین و ئەمجارەیش باسی بكەین.

زیاتر گوتی، ئەوەی بۆ ئەمجارە بابەتی نوێ‌ بوو، ئەو هەڵمەتە بوو كە لە بەغدا بۆ دژایەتی گەندەڵی دەستی پێ كردووە، ئەو هەڵمەتەیش كە دەستی پێ كراوە بەردەوام دەبێت و میكانیزمێك بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان هەردوولادا دەدۆزرێتەوە.

سەرۆكی دەستەی دەسپاكی گوتی، دەستەی دەسپاكی عێراق لە هەندێك حاڵەتدا پێویستی بە پشكنینی موڵك و ماڵی ئەو كەسانە دەبێت كە بڕیاری گرتنیان هەیە و لە عێراق چوونەتە دەرەوە، چونكە بەشێك لەوانە موڵك و ماڵیان لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.

دووپاتی كردەوە كە كۆی پرۆسەكە ئەوەیە پەیامێك بدەینە ناوخۆ و دەرەوە كە كوردستان نابێتە پەناگەی گەندەڵكاران، دوێنێش لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ بەرپرسانی باڵا ئەوە دووپات كراوەتەوە.

هەر ئەمڕۆ لە راگەیەنراوێكی هاوبەشی نێوان هەردوو دەستەی دەسپاكی كوردستان و عێراقدا هاتبوو، لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتیی هاوبەشی نیشتمانی بۆ پاراستنی سامانی گشتی و داودەزگاكانی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەماكانی دەسپاكی و شەفافییەت و سەروەری یاسا، دەستەی نەزاهەی فیدراڵی و دەستەی دەسپاكی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، ئامادەباشی خۆیان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هاوكاری و هاوئاهەنگی نێوانیان دووپات دەكەنەوە.

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوە كرابوو كە هەردوو دەستەكە دووپات لەسەر پێویستی چڕكردنەوەی ڕۆڵی كارایی لە دامەزراوەكانی دژە گەندەڵی دەكەنەوە، بۆ ئەوەی هەموو جیۆگرافیای عێراق بگرێتەوە و ڕێكارەكان ڕێكبخەن، تا جیۆگرافیا نەبێتە بەربەستێك بۆ ڕێگریكردن لە هاوئاهەنگی یان ڕێگریكردن لە هەوڵە هاوبەشەكان.

هەروەها ئاماژە بە گرنگیی پەرەپێدانی میكانیزمی هاوكاری لە جێبەجێكردنی فەرمانی گرتن و فەرمان و بڕیارە دادوەرییەكان دەكەن، بەمەبەستی دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی یاسا و ڕێگریكردن لە ئیستغلالكردنی ئەو كەسانەی لە دۆسیەكانی گەندەڵیدا داواكراون، بۆ سنوورە كارگێڕییەكان یان جیۆگرافییەكان بۆ خۆدزینەوە لە ڕێكارە یاساییەكان، هەروەها وەك یەك تیم كار بكەن لە بەدواداچوونیان و هێنانەیان بۆ بەردەم دەسەڵاتی دادوەری تایبەتمەند.

لەو چوارچێوەیەشدا دووپاتی دەكەنەوە كە هیچ پەناگەیەكی ئارام بۆ گەندەڵكاران و بۆ داهاتی بەدەستهاتوو لە گەندەڵی نییە. هاوكاریی نێوان دەزگاكانی چاودێری لە حكوومەتی فیدراڵی و هەرێمی كوردستان، پایەیەكی بنەڕەتییە لە بەرتەسككردنەوەی ڕێگەكانی هەڵاتن و شاردنەوەی ئەو پارەیەی لە تاوانەكانی گەندەڵی بەدەست هاتووە، هەروەها لە پتەوكردنی هەوڵەكانی وەرگرتنەوە و گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی گشتی، بەگوێرەی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان و بڕیارە دادوەرییەكان.

هەروەها هەردوو دەستەكه ڕێككەوتن لەسەر بەهێزكردنی هاریكاری له بوارەكانی ڕاهێنان و هۆشیاری و خۆپارێزی، ئەمەش بەشدار دەبێت له بەرزكردنەوەی كارایی ئەنجامدانی چاودێری و بەهێزكردنی كولتووری دەسپاكی و شەفافییەت و لێپرسینەوه.

ئەو دوو دەستەیە پێیان وایە، تەواوكاری ڕۆڵی چاودێری لە نێوان بەغدا و هەولێر، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا، متمانەی هاووڵاتی بە دامەزراوەكانی دەوڵەت بەرز دەكاتەوە، بەشدار دەبێت لە پاراستنی ئابووری نیشتمانی و دابینكردنی كەشێكی سەقامگیر و دڵنیا بۆ وەبەرهێنان.

هەروەها دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەرپرسیارێتییەكی هاوبەشی نیشتمانییە كە سنوورە ئیدارییەكان ڕێگریی لێ ناكەن، هەمووان یەكدەستن لە جێبەجێكردنی یاسا و ڕاوەدوونانی گەندەڵكاران و ڕێگریكردن لە ڕزگاربوونیان لە سزا.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *