سبەی 31ی ئاب، ڕۆژێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان و خەڵكی هەولێر بە تایبەتی، چونكە لەو رۆژەدا رزگار كران لە دزی و تاڵانی و ئۆتۆمبێل بردنە سەربانەكان و سەرانە سەندن.
پارتی دیموكراتی كوردستان لەو رۆژەدا، یەكێتی لە هەولێر وەدەرنا و پیلانێكی گەورەی وڵاتێكی پووچەڵ كردەوە كە دەیانویست هەرێمی كوردستان داگیر بكەن و درێژە بە دزی و تاڵانییەكان بدەن.
لەو كاتەوەی كە 31ی ئابی 1996 رووی دا، كوردستان رووی لە گەشەسەندنی زیاتر كرد، ئاوەدانی كرایەوە و شەقام و خەڵك كەوتنە سەر ڕێچكەی ژیان، ئەگەر ئەوە بۆ خەڵكی كوردستان یەكجار رووە راستەكە بێت بۆ هەولێر دوو جار راستی پێشان دەدات.
نامەیەك بۆ سەدام
بەشی سێزدەیەمی كتێبی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد، تایبەتە بە قۆناغێكی تری شەڕی ناوخۆ، لەوێدا سەرۆك بارزانی بەشێكی تایبەت كردووە بە “پلانی رزگاركردنی هەولێر” سەرۆك نووسیویەتی، لەپێناو جێبەجێكردنی پلانی سەربازی و لە رووی سیاسی و راگەیاندنەوە، هەماهەنگییەكی تەواو لە نێوان فەرماندەكانی پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەكانی سوپای عێراق كرا، دیارە قاعیدەیەكی فیقهی هەیە دەڵێ، “دفع الافسد بالفاسد” واتە لابردنی خراپتر و فاسدتر بە خراپ و فاسد، دواتر داوا كرا نامەیەك بۆ سەدام بنووسم، ئێمەش رازی بووین نامەكە بنووسین، بۆ ئەوەی بۆ رای گشتی روون بكرێتەوە كە هاوكاری عێراق لە بەرانبەر دەستوەردانی ئێرانە لە شەڕەكەدا.
“بەر لەهاتنی سوپای عێراق، لە “مانع”م دووپات كردەوە و داكۆكیم لەسەر ئەو خاڵە كردەوە كە هەركاتێك داوامان كرد، پێویستە سوپای عێراق پاشەكشە بكات، ناوبراویش بەڵێنی سەدامی بۆ هێنام كە هەر كاتێك داوا بكەم سوپاكە بكشێتەوە، هەروەها لەسەر ئەوە رێككەوتین كە نابێت كەسیان بێنە ناو شاری هەولێر، نە سەربازی و نە موخابەرات، مەرجی عێراقیش ئەوەبوو كە نابێت بەرەو سلێمانی بچین، بەپێی پلانەكە سوپای عێراق لە میحوەری دێگەڵە بە تۆپخانە پاڵپشتی لە هێزەكانی پێشمەرگە بكەن و هێزێكی عێراق لە رێی پردێ و ئەوەی تر لە رێی خەباتەوە بەرەو دەروازەی هەولێر جووڵە بكەن”. سەرۆك وای نووسیوە.
كۆسرەت رەسووڵ كە لەناو شاری هەولێر بوو، بەزەحمەت دەربازی بوو
بەرەبەیانی 31ی ئابی 1996، دەست بە جێبەجێكردنی پلانەكە كرا، بۆ نیوەڕۆ یەكێتی بەرگری پێ نەكرا و بە تەواوی داڕووخا. لە درێژەی ئەو باسەدا دەڵێ، بەرەبەیانی 31ی ئابی 1996، دەست بە جێبەجێكردنی پلانەكە كرا، بۆ نیوەڕۆ یەكێتی بەرگری پێ نەكرا و بە تەواوی داڕووخا، كۆسرەت رەسووڵ كە لەناو شاری هەولێر بوو، بەزەحمەت دەربازی بوو و بەرەو بێستانە رۆیشت، ژمارەیەكی زۆر لە هێزەكانی یەكێتی خۆیان رادەستی پێشمەرگەكان كرد و ژمارەیەكی تریش خۆیان رادەستی سوپای عێراق كرد، لەوانە ئاسۆ ئەڵمانی.
نابێت بێڕێزی بە كەس بكرێت
ئێوارەكەی هەولێر بە تەواوی رزگار كرا، ژمارەیەك لە سەركردەكانی یەكێتی كە لەناو هەولێر بوون، دەرنەچوون، دوای رۆژێك فوئاد مەعسووم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی گیرا، بەڵام رێگەمان نەدا بەهیچ شێوەیەك بێڕێزی بەرانبەر بكرێ، ئازاد كرا و گەڕایەوە لای هەڤاڵانی بەبێ ئەوەی هیچ هەڵسوكەوتێكی نابەجێی لەگەڵدا بكرێت، لەشكری تایبەتی یەك بە فەرماندەی وەجی بارزانیم راسپارد تا رێكخستنەوەی دامودەزگا حكوومییەكان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی شاری هەولێر بگرێتە ئەستۆ. داكۆكیم كردەوە كە نابێت بێڕێزی بە كەس بكرێت، نابێت كەس بگیرێت و پێویستە سەروماڵی هاووڵاتییان بە تەواوی بپارێزرێت، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا خەڵكی هەولێر هەستیان بە جیاوازی دەسەڵاتی پارتی و یەكێتی كرد. هاووڵاتییان ئیتر دڵنیا بوون لە سەروماڵی خۆیان و پۆل پۆل بۆ پیرۆزبایی دەهاتن.
چیرۆكی 31ی ئاب لێرەدا كۆتایی نەهات، سەرۆك زیاتر باسی كردووە و دەڵێ، “رۆژی یەكەم مەفرەزەیەكی موخابەراتی عێراق هاتنە ناو شاری هەولێر و چەند هەڵسوكەوتێكی نابەجێیان كرد، بەڵام هەرزوو ئاگەدارمان كردنەوە و فەرمان بە هێزەكانی پێشمەرگە كرا لە ئەگەری هاتنە ناوەوەیان دەستگیر بكرێن و رێگەی هاتنە ناو هەولێریان پێ نەدرێ، رۆژی دووەم ئەو سەربازە عێراقییانەی كە لە دەرەوەی هەولێر جێگیر بووبوون، لەسەر داوامان هەر هەموویان پاشەكشەیان كرد، لە بەرانبەر ئەو رووداوانەدا، ئەمەریكا هیچ كاردانەوەیەكی بەرچاوی نەبوو، تەنیا رۆژی سێی ئەیلوولی 1996، بە مووشەك چەند خاڵێكی لە شاری كوت لە باشووری عێراق كردە ئامانج. دواتر یەكێك لە دۆستەكانمان هەواڵی بۆ ناردم كە بارەگاكەم چۆڵ بكەم، چونكە ئەگەری بۆردمانكردنی هەیە لەلایەن ئەمەریكاوە، بەڵام هیچ رووی نەدا، بە پێچەوانەوە ئەمەریكا دەستی كرد بە پەیوەندیكردن لەگەڵمان.
ئێستە دوای 31ی ئاب دەركەوت كە ئاوەدانی بە دەركردنی پیسەكان دروست بوو، نەك ئەوەی پێی دەڵێن”خیانەت”.
















Leave a Reply