حكوومەتی هەرێم بەنزینی وەزارەت و داودەزگاكان رادەگرێت

بینەر: (503)

ئەنجوومەنی وەزیران لە بڕیارێكی پێوەست بە بەنزین، وەزارەت و فەرمانگەكان ئاگادار دەكاتەوە كە بەرزكردنەوەی نووسراو و داواكاری بۆ دابینكردنی بەنزین ڕادەگیرێ.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە نووسراوێك كە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ناردووە تێیدا هاتووە: “بەهۆی كەمیی بەرهەمهێنانی بەنزین و دابینكردنی بۆ پێویستیی بەكارهێنانی لەلایەن هاووڵاتییان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیەكان و هەبوونی كورتهێنان، داواكارین بفەرموون بە گشتاندنێك بۆ سەرجەم وەزارەت و داودەزگاكان، بەمەبەستی راگرتنی بەرزكردنەوەی داواكارییان بۆ دابینكردنی بەنزین بۆیان لەلایەن وەزارەتمانەوە”.

دوای ئەو نووسراوە، سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بە نووسراوێك كە لە 2026/8/12دا دەرچووە، “بۆ گشت وەزارەت و دەستە و فەرمانگە و داودەزگاكانی ناردووە و دەڵێت، كار بە نووسراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بكرێت و بەرزكردنەوەی داواكاری بۆ دابینكردنی بەنزین ڕابگیرێت، هیچ فەرمانگە و داودەزگایەك داواكاری بۆ بەنزین بەرز نەكاتەوە”.

بەپێی بەدواداچوونێكی “وشە” بەنزینی وەزارەت و دامەزراوەكان بەشی زۆری بەو ئۆتۆمبێلانە دەدرا كە بەرپرسانی دەزگاكان یان بەرپرسانی بەشەكان ئۆتۆمبێلی حكوومەتیان پێیە، بەڵام بۆ كاری كەسی بەكاری دێنن و خەرجی و سووتەمەنیشیان لەسەر حكوومەت بوون.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *