شارەزایەك: مانگی داهاتوو هەناردنی نەوتی عێراق ئاسایی دەبێتەوە

بینەر: (451)

لە دوای دەست پێكردنی شەڕی ئێران، بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە، هەناردنی بەشێكی زۆری نەوتی عێراق لە رێگەی گەرووەكەوە وەستا، ئەوەش عێراقی خستە ناو یەكێك لە قووڵترین تەنگژە داراییەكانەوە، ئێستە بەشێكی گەرووەكە بۆ هاتوچۆی كەشتییەكان كراوەتەوە، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە مانگی داهاتوو هەناردنی نەوتی عێراق ئاسایی دەبێتەوە.

حەیدەر شێخ شارەزای ئابووری ئاماژە دەكات، خەریكە هەناردنی نەوتی عێراق لە دەروازە جۆراوجۆرەكان ئاسایی دەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە هەناردن گەیشتە دوو ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و ئەوڕۆش گەیشتووەتە ئاستی زیاتر لە 2.5 ملیۆن بەرمیل، روونی كردەوە، پێشبینی دەكرێت مانگی داهاتوو هەناردنی نەوتی عێراق لە رێگەی دەروازە جیاجیاكانەوە بگاتە ئاستی سێ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و لە كۆتایی مانگی داهاتووش هەناردنی رۆژانە دەگاتەوە 3.5 ملیۆن بەرمیل.

روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق دووچاری تەنگژەی دارایی لە دابینكردنی سیولەی دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بووەتەوە، ئێستە دۆلاری ئەمەریكی هەیە، بەڵام دیناری نییە، بۆیە بانكی ناوەندی عێراق هەوڵی دابینكردنی دینار لە رێگەی مەزادی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بۆ كۆمپانیا و بازرگانان دەدات.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *