لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی ئەسفەهان، سزای لەسێدارەدانی بۆ ١٠ خۆپێشاندەری ناڕەزایەتییەكانی ئەمدواییە دەركرد.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی “هەرانا” رای گەیاند، لەبارەی سزای لەسێدارەدان و گرتنی هاووڵاتییانی ئەسفەهان، لەلایەن دادگای ڕژێمی ئێرانەوە ڕاپۆرتێكی بڵاو كرایەوە. لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، دەسەڵاتی دادوەریی ڕژێمی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ ١٠ خۆپێشاندەر دەركرد.
بەپێی بڕیارەكە، هەریەك لە نەوید ئەلیاسی، ئابولفەزل دادگوستەر، مەهدی مەنسووری، ئەحمەدڕەزا سەعیدی، مێهرداد بوئێری، محەمەدمەهدی ئەسەدی، ئارمین غوڵامی، پارسا جەعفەری و مەهدی جەعفەری و لە ناویشیاندا ژنێك بە ناوی تەرانە ڕەحیمی، سزای لەسێدارەدان و هاوكات لەگەڵ لەسێدارەدانەكەدا ١١ ساڵ گرتنیان بەسەردا سەپێنراوە.
هەروەها ڕۆمینا ڕەحیمی، میلاد بوئێری، حامید مێهرعەلییان، سەتایش ساعیدی، سەجاد عابدی و عەلی بوئێری، سزای گرتنیان لە نێوان ١٦ تا ٣٦ ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەرانا و گوتەی پارێزەرانی دۆسیەكە، لە بەیاننامەی تاوانباركردندا هیچ تۆمەتێكی ڕاستەوخۆی كوشتن ئاراستەی ئەم كەسانە نەكراوە، تۆمەتە سەرەكییەكە بریتی بووە لە كۆبوونەوە و پیلانگێڕی دژی ڕژێمی ئێران. پارێزەرانی دۆسیەكەش ڕەخنەیان لەوە گرتووە كە دەرفەتی پێویستیان پێ نەدراوە بۆ لێكۆڵینەوە و خوێندنەوەی بەڵگەنامەكانی ناو دۆسیەكە و دەڵێن، بە ددانپێدانانی زۆرەملێ و ئەشكەنجە سزاكانیان سەپاندووە.
ئێستە ژنە دەستبەسەركراوەكانی ئەم دۆسیەیە لە گرتووخانەی دەوڵەتئاباد و پیاوانیش لە گرتووخانەی دەستگردی ئەسفەهان ڕاگیراون، لە كاتێكدا سەپاندنی ئەم سزایانە بەشێكە لە شەپۆلی دادگاییكردنی بەكۆمەڵی دەستبەسەركراوانی خۆپێشاندانەكانی كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ لە ئێران.
















Leave a Reply