ئەمەریکا تاوتوێی لێدانی گورزی سەربازیی سنووردار لە ئێران دەکات

بینەر: (455)

ئەمڕۆ دووشەم 31ی ئابی 2026، بەرپرسانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و یاریدەدەرەکانی، تاوتوێی لێدانی گورزی سەربازیی سنووردار لە گەرووی هورمز دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە ئێران کە تواناکانی بنیات دەنێتەوە، لە کاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان داوای دانبەخۆداگرتن دەکات و ترەمپیش هەڕەشەی وێرانکردنی ناوەندە نەوتییەکانی تاران دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی “ئاکسیۆس” کە لە زاری سێ بەرپرسی ئەمەریکییەوە گواستوویەتیەوە، ترەمپ هێشتا ڕەزامەندیی لەسەر ئەو پلانە نەداوە کە لەلایەن فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) بە پاڵپشتیی پیت هێگسێس وەزیری بەرگری داڕێژراوە. بەڵام پێدەچێت دوای گرژییەکانی ئەم دواییە، گڵۆپی سەوز بۆ جێبەجێکردنی هەڵبکات، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە تاران بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانا ڕادار و مووشەکییەکانی کە بۆ هێرشکردنە سەر کەشتییەکان بەکاری دەهێنێت.

وەک پێگەکە ئاماژەی پێ داوە، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سوپای ئەمەریکا بە شێوەیەکی پلەبەندی کۆنتڕۆڵی زۆربەی گەرووەکەی کردووە، ئەوەش لە ڕێگەی هەڵمەتێک بۆ بێهێزکردنی تواناکانی ئێران، پرۆسەیەکی نهێنی بۆ پاککردنەوەی مین و هەوڵدان بۆ ڕێنماییکردنی کەشتییەکان لە گەرووەکەدا. بەرپرسەکان دەڵێن، سێنتکۆم نیگەرانە لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دروستکردنەوەی ڕادار و بەرگریی ئاسمانی و مووشەکی دژەکەشتی لەناو گەرووەکەدا.

لە لایەکی ترەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاڵوگۆڕی تەقەی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی بە “جێگەی داخ” وەسف کرد. ستیفان دوجاریک گوتەبێژی گۆتێرێس لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە نیویۆرک ڕای گەیاند کە سکرتێری گشتی هانی هەمووان دەدات بۆ دانبەخۆداگرتن و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسی.

Leave a Reply

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *