رۆیشتن بە پێ باشترین وەرزشە بۆ تەندروستیی گشتی، بەتایبەتی بۆ پارێزگاری لە دڵ و دەمارە خوێنییەكان، جیا لە وزە و پارێزگاری لە مێشك، هاوكات ئەو رۆیشتنە ئەگەر لە دوای ژەمەكان بێت سوودی زیاتری دەبێت، بەتایبەتی لە دوای ژەمی ئێوارە.
بەشب زانست و تەندروستیی پێگەی “شەرق ئەوسەت” كە هەواڵەكەی لە “هێڵس لاین” وەرگرتووە و پسپۆرانی تەندروستی قسەیان بۆ كردووە، ئاماژە دەدەن كە رۆیشتن بە پێی بەهەموو شێوەیەك سوودمەندە، بەتایبەتی رۆیشتنی دوای ژەمی ئێوارە، بەوەیش كاریگەریی لەسەر رێكخستنی پاڵەپەستۆی خوێن و شەكر لە خوێندا دەبێت، جیا لە پارێزگاری لە دڵ و مێشك.
پسپۆران دەڵێن، بەپێی توێژینەوەیەك لە ساڵی 2020دا ئەنجام دراوە و بەشێك لەوانەی بەشدار بوون كە سەتان كەس دەبوون، لە چالاكیی جەستەیی دوورن و هاوكات رۆیشتنیان بە پێی زۆر كەم بووە، دەركەوتووە زۆربەیان كێشەیان لەگەڵ پاڵەپەستۆی خوێن و شەكرەدا هەیە، ئەوانەیش كە رۆژانە راهێنانی جستەیی دەكەن و ماوەیەكیش بە پێ دەڕۆن، كێشەی پاڵەپەستۆی خوێن و شەكر لە خوێنیان زۆر كەم بووە.
باس لەوە دەكەن كە رۆیشتن بە پێ بەتایبەتی لە دوای نانخواردن، سوودەكانی زۆر زیاتر دەبن، چونكە رۆڵ دەبینێ لە رێكخستنی رێژەی شەكر لە خوێندا، بەتایبەتیش بۆ ئەوانەی نەخۆشیی شەكرەیان هەبێت. بۆ ئەوەیش پسپۆران ماوەی 30 خولەك رۆیشتن بە پێیان دەستنیشان كردووە كە كاریگەرییەكی زۆر زیاتر دەبێت، بەتایبەتی بۆ رێكخستنی شەكرەی خوێن.
دواتریش پسپۆرانی تەندروستی ماوەی رۆیشتن بە پێیان دەستنیشان كردووە و دووپات دەكەنەوە، مەرج نییە كات بۆ رۆیشتن دەستنیشان بكرێت، بەڵام رۆیشتن لە دوای ژەمەكان بەتایبەتی لە دوای ژەمی ئێوارە زۆر گرنگە، باشترە بەلای كەمەوە 10 تا 30 خولەك بە پێ بڕۆن، ئەوكات سوودەكانی زۆر دەبن.
















Leave a Reply