شێرپەنجە لە مەترسیدارترین نەخۆشییەكانە، چەندان جۆری هەیە، بڵاوترینیان شێرپەنجەی پێست و سییەكان و جگەرە، هاوكات دەگمەنترینیان شێرپەنجەی دڵە، كە كەسێك لە هەر 50 هەزار كەس تووشی دەبێت، كە تووشیش دەبێت هۆكارەكەی دڵ خۆی نییە، بەڵكو لە ئەندامەكانی ترەوە بۆی دەچێت و لەوێ بڵاو دەبێتەوە.
سەبارەت بە هۆكاری ئەو جیاوازییە، زانایان ئاماژە دەكەن كە سیفەتە فسیۆلۆجییەكانی دڵ وای كردووە لە ئەندامەكانیتر جیاواز بێت، پارێزییەكی لە شێرپەنجە بۆ دابین بكات، یەكێك لە گرنگترین سیفەتەكانی لەشی مرۆڤ و بوونەوەرەكان، نوێبوونەوەی خانەكانی لەشە، واتە شوێنگرتنەوەی خانە كۆن و پیر و لەناوچووەكان بە خانەی نوێ، بەڵام لە ئەنجامی دروستبوونی بازدانی بۆماوەیی لە كاتی نوێبوونەوەكە گرێ و خانەی شێرپەنجەیی دروست دەبێت.
ئەگەرچی هۆكارە بۆماوەیی و ژینگەییەكان رۆڵی سەرەكییان لە تووشبوون بە شێرپەنجە هەیە، بەڵام گرێ شێرپەنجەییەكان زیاتر لەو ئەندامانە دروست دەبن كە تێكڕای نوێبوونەوەی خانەكانیان بەرزە، بۆیە هەر كاتێك چالاكیی نوێبوونەوەی خانەكان زیاتر بوو، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاتر دەبێت، سەبارەت بە دڵ، كە لە شانەی ماسولكەیی بەهێز پێك هاتووە، خانەكانی زۆر بە سستی نوێ دەبنەوە، بە شێوەیەك تەنیا كەمتر لە نیوەی خانەكانی بە درێژایی تەمەنی مرۆڤ نوێ دەبنەوە، ئەو نوێنەبوونەوەی خانەكانی دڵ وای كردووە لە بازدان و دروستبوونی خانە و گرێی شێرپەنجەیی دوور بێت.













Leave a Reply